تورکیا و پەکەکە ئاماری نوێی شەڕیان بڵاوکردەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە دەڵێت، لە 24 کاژێری رابردوودا 11 سەربازی تورکیا لە هەرێمی کوردستان کوژراون. وەزارەتی بەرگریی تورکیاش دەڵێت، لە هەفتەیەکدا 44 گەریلا و شەڕڤان لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان گیانیان لەدەستداوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی هەپەگە، کە ئەمڕۆ هەینی 28ی تەممووزی 2023 بڵاوکراوەتەوە، لە 24 کاژێری رابردوودا گەریلاکان لە چەند شوێنێکی جیاوازی هەرێمی کوردستان رووبەڕووی هێزەکانی سوپای تورکیا بوونەتەوە و لە ئەنجامدا 11 سەربازی تورکیا کوژراون و دوو سەربازی دیکەش برینداربوون.
 
هەپەگە دەڵێت، لەو رووبەڕووبوونەوانەدا گەریلایەک بەناوی سەردار مەچین، ناسراو بە بەرخودان فارقین، لەدایکبووی ئامەد، لە چیای مەتین گیانی لەدەستداوە.
 
بڵاوکردنەوەی ئەم راگەیێندراوە لە کاتێکدایە، رۆژی 27ی تەممووزی 2023، زەکی ئاکتورک، گوتەبێژی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییدا رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکانی سوپای تورکیا لە ماوەی هەفتەیەکدا 44 گەریلا و شەڕڤان لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان گیانیان لەدەستداوە.
 
زەکی ئاکتورک گوتی، لە 24ی تەممووزی 2015وە 38 هەزار و 235 گەریلا و شەڕڤان و لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە 892 گەریلا و شەڕڤان لە ئەنجامی هێرشەکانی سوپای تورکیا گیانیان لەدەستداوە.
 
بەرەبەیانی رۆژی 18ی نیسانی 2022 ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ - قوفڵ لەلایەن سوپای تورکیاوە لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆسەر پێگەکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد.
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 601 گەریلا و کوژرانی 94 سەربازی سوپای وڵاتەکەی راگەیاندووە؛ هەپەگەش کوژرانی دوو هەزار و 962 سەربازی تورکیا و گیانلەدەستدانی 346 گەریلای راگەیاندووە.