مانگی رابردوو 45 هەزار کەس لە فڕۆکەخانەی شرنەخەوە گەشتیان کردووە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەکارخستنی فڕۆکەخانەکانی دەوڵەت سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا ئاماری مانگی حوزەیرانی 2023ی فڕۆکەخانەی شەرەفەدین ئەلچی لە شرنەخ بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، مانگی رابردوو 45 ھەزار كهس لە فڕۆکەخانەکەوە گەشتیان كردووه.
لە مانگی حوزەیراندا فڕۆکەخانەی شەرەفەدین ئەلچی لە شرنەخ خزمەتگوزاریی پێشکێشی 45 ھەزار و 260 سهرنشین کردووە. هەروەها 623 فڕۆکە گەشتیان لەم فڕۆکەخانەدا کردووە و 410 تۆن باری کارگۆی هەبووە.
بەگوێرەی ئامارەکان، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 199 هەزار و 516 کەس لە رێگەی 2906 فڕۆکە گەشتی ناوخۆیان لە فڕۆکەخانەی شەرەفەدین ئەلچی لە شرنەخ کردووە. هەر لەم ماوەیەدا 1825 تۆن کەلوپەلیان بە فڕۆکەکانی کارگۆ بارکردووە.
فڕۆکەخانەی شەرەفەدین ئەلچی لە شرنەخ رۆژی 26ی تەممووزی 2013 دامەزرا؛ فڕۆکەخانەیەکی ناوخۆییە و بە بڕیاری رەجەب تەیب ئەردۆغان بەناوی پارێزەر و سیاسەتڤانی ناسراوی کورد شەرەفەدین ئەلچی کرا کە دوو خول پەرلەمانتار و لە 42ـەمین کابینەی حکومەتی تورکیادا بە سەرۆکایەتیی بولەند ئەجەوید، وەزیری ئاوەدانکردنەوە بووە.
لە باکووری کوردستان 17 فڕۆکەخانە هەن، نۆ لەم فڕۆکەخانانە نێودەوڵەتین.