وەزارەتی دارایی: لە دووی رۆژی داهاتوودا لیستی مووچەی مانگی 7 بۆ بەغدا دەنێرین


رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بۆ مانگی تەممووز ناوی زیاتر لە سێ هەزار خانەنشین لە لیستی مووچە زیادکراوە. وەزارەتی داراییش دەڵێت: "تاوەکو دوو رۆژی دیکە لیستی مووچەی مانگی تەممووز بۆ بەغدا دەنێرێت."

رۆژی دووشەممە، 28ـی تەممووزی 2025، بەرپرسێکی خانەنشینیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیاییی رووداوی رایگەیاند: "لە کۆی 22 هەزار و 362 مامەڵە، 21 هەزار و 939 مامەڵە تەواو بوون، واتا تەنیا 423 مامەڵە ماون؛ ئەویش تاوەکو پێنجشەممە تەواو دەبن."
 
بەگوێرەی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو لە عێراق، ئەم ساڵ لەدایکبووانی ساڵەکانی 1962، 1963 و 1964 لە هەرێمی کوردستان خانەنشین بوون.
 
"ناوی زیاتر لە سێ هەزار خانەنشینی نوێ بۆ لیستی مووچەی مانگی تەممووز زیاد کراوە"
 
ئەو بەرپرسە گوتی: "تەنیا لە مانگی تەممووزدا مامەڵەی سێ هەزار و 443 خانەنشین تەواو بووە و ناویان بۆ لیستی مووچەی مانگی تەممووز زیاد کراوە و لیستەکان بۆ وەزارەتی دارایی نێردراون، لە 1-1-2025ـەوە مووچەیان بۆ خەرج دەکرێت، واتا حەوت مووچە بەیەکەوە وەردەگرن."
 
بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی بە رووداوی گوت: "لیستی مووچەی مانگی تەممووز لە وەزارەت کاری لەسەر دەکرێت و هەندێک کاری کەمی ماوە، لە یەک-دوو رۆژی داهاتوودا لیستەکە بۆ بەغدا دەنێردرێت."
 
ئەو بەرپرسە گوتی: "لیستەکە گۆڕانکارییەکی بەرچاوی تێدا نەکراوە، تەنیا ناوی خانەنشینان زیادکراوە".
 
ئاراز محەممەد شێخ مەمدووح، بەڕێوەبەری خانەنشینیی پارێزگای دهۆک بە رووداوی رایگەیاند: "زیاتر لە دوو هەزار مامەڵە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەمان هەبوون، بۆ مانگی تەممووز هەموویان تەواو بوون. ئێستا هیچ مامەڵەیەک لە پارێزگای دهۆک نەماوە، تەنیا ئەوانەی لەدایکبووی ساڵی 1965ن رۆژانە بە ئارەزووی خۆیان دێن."
 
"ئەم مانگە 413 خانەنشینی پارێزگای دهۆک مامەڵەیان تەواو بووە"
 
بەڕێوەبەری خانەنشینیی پارێزگای دهۆک دەڵێت: "مانگی تەممووز 413 مامەڵە مابوون، هەموویان تەواو کران و حەوت مووچە وەردەگرن. مانگی شەش هەزار و 306 مامەڵە تەواو بوون و لەگەڵ مووچەی مانگی حوزەیران ئەو خانەنشینانەن شەش مووچە وەردەگرن؛ مانگی پێنجیش 350 مامەڵە تەواو کرابوون و پێنج مووچەیان بەیەکەوە وەرگرت."
 
ئاراز محەممەد گوتی: "نزیکەی 15 رۆژە لیستی مووچەی مانگی تەممووزمان بۆ وەزارەتی دارایی ناردووە."
 
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینیی هەرێمی کوردستان، 303 هەزار و 353 خانەنشین هەن کە تێکڕای مووچەیان 195 ملیار و 353 ملیۆن و 522 هەزار دینارە؛ کە 186 هەزار و 377 خانەنشینی مەدەنی و 116 هەزار و 976 خانەنشینی سەربازین.
 
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رۆژی 22ـی تشرینی دووەمی 2022، حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی عێراق، ژمارە 9ـی ساڵی 2014، پابەند کرد، بەڵام تاوەکوو تەممووزی 2024 جێبەجێ نەکرا.