حکومەت لەو کەسانە خۆشدەبێت کە بەهۆی بایکۆتەوە گرێبەستی ئۆتۆمبێلیان دواکەتووە

رووداو دیجیتاڵ
 
هاتووچۆی سلێمانی رایگەیاند، ئەو کەسانەی بەهۆی کاروباری وەزارەتەکان و بەڕێوەبەرایەتییەکانەوە مامەڵەی گرێبەستی گواستنەوەی خاوەنداری ئۆتۆمبێلێان دواکەوتبێت، سزای پێبژاردنیان بۆ ناکرێت.
 
راگەیێندراوەکەی 28ـی تەمموزی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتووچۆی سلێمانی پشتی بەستووە بە نووسراوی ژمارە 22515ـی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و دوو خاڵی تێدا خراوەتەڕوو.
 
لە خاڵی یەکەمدا هاتووە: "لە بارەی گرێبەستی ئەلیکترۆنی، هەر هاووڵاتییەک بەر لە (60) رۆژ نووسراوی مامەڵەکەی تۆمار کرابێت (وەرگەرتە) کرابێت و لە بەڕێوبەرایەتییەکانی هاتووچۆ دوابکەوێت بە هۆكاری کاروبارەکانی وەزارەت و بەڕێوبەرایەتی گشتی هاتووچۆ، نابێت سزاو پێبژاردنی دواکەوتن ببژێرێت".
 
ئەمەش خاڵی دووەمی نووسراوەکەیە: "لە کاتی دواکەتنی مامەڵەی هاووڵاتییان لە فەرمانگەکانی میری، کە هۆکاری دواکەتنەکە خودی هاووڵاتییەکە نەبێت و هۆکارەکە فەرمانگەی میری بێت (بەڕێوبەرایەتیەکانی هاتووچۆ) ئەوە نابێت رووبەڕووی هیچ سزایەکی دواکەتن ببێتەوە و کاروبارەکانیان بۆ ئەنجام دەدرێت بەبێ پێبژاردنی دواکەوتن".
 
مقەدەم سامان عەلی، گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "وەزارەتی ناوخۆ رەچاوی دۆخی دارایی هاونیشتمانیانی کردووە، بەتایبەت لەماوەکانی رابردوو لە هەندێک فەرمانگە بایکۆت کراوە و مامەڵەی خەڵک بۆ گواستنەوەی ئۆتۆمبێل دواکەوتووە".
 
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆ، لە کاتی ئاساییدا هەر کەسێک گرێبەستی ئۆتۆمبێلەکەی 60 رۆژی بەسەردا بچێت و خاوەندارییەکەی نەگوازێتەوە، بۆ هەر رۆژێک 10 هەزار دینار سزا دەدرێت.
 
ئێستا بە فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، 20%ـی لێخۆشبوونی سزای سەرپێچییەکانی هاتووچۆ بەردەوامە و ئەو بڕیارە سزای پێبژاردنی دواکەوتنی گواستنەوەی خاوەنداری دوای گرێبەستیش دەگرێتەوە و بۆ هەر رۆژێک لە جیاتی 10 هەزار؛ هەشت هەزار دینار وەردەگیرێت.