جووتیارێکی تۆپزاوای کەرکووک لەسەر سکاڵای وەزارەتی بەرگریی عێراق سزا درا
رووداو دیجیتاڵ
لەسەر سکاڵای وەزارەتی بەرگریی عێراق، هاونیشتمانییەکی سنووری تۆپزاوا لە کەرکووک بە شەش مانگ زیندانی سزا درا.
ئەو جووتیارەی سزادراوە ناوی (مام ئیبراهیم)ـە و دەڵیت، تاپۆی ئەو زەوییانەی کێشەیان لەسەر دروستکردووە، بەناوی باپیریەوەیەتی.
ساتع ناسیح، نوێنەری جووتیارانی تۆپزاوا لە پارێزگای کەرکووک، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "وەزارەتی بەرگری دەڵێت زەوییەکانی تۆپزاوا موڵکی ئەوانن، لەکاتێکدا موڵکی کوردە و زیاتر لە 20 ساڵە بەشێکی زۆریان خانوویان لەسەر دروستکراوە".
ناکۆکی لەسەر بەشێکی زۆری زەوییە کشتوکاڵییەکانی هاونیشتمانی کورد و وەزارەتی بەرگریی عێراق لە سنووری پارێزگای کەرکووک بەردەوامە. لەو نێوانەدا ناکۆکی لەسەر نزیکەی دوو هەزار دۆنم زەوی لە تۆپزاوا.