سەرپەرشتیاری دۆسیەی رفێندراوانی کوردی ئێزدی: هێشتا زیاتر لە 2500 کەس بێسەروشوێنن
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێک لە نووسینگەی رزگارکردنی رفێنراوانی کوردی ئێزدی دەڵێت، زیاتر لە 2500 ئێزدی بێسەروشوێنن. دەشڵێت، دۆخی ژیانیان بەراورد بە ساڵی 2014 کە داعش هێرشی کردە سەر، گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە.
ئەمڕۆ دووشەممە 28-07-2025، خەیری بۆزانی، سەرپەشتیاری دۆسیەی رزگارکردنی رفێنراوان لە نووسینگەی رزگارکردنی رفێنراوانی کوردی ئێزدی، بە پەیام سەربەست، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی لە هەولێر راگەیاند، ''هەموو ساڵێک یادی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی دەکەینەوە و هەموو کات دەڵێین کۆتایی بە جینۆسایدەکە نەهاتووە و بەردەوامە، چونکە تائێستا زیاتر لە دوو هەزار و 500 کوردی ئێزدی بێسەروشوێنن.''
خەیری بۆزانی دەڵێت، "هێشتا زۆربەی ئاوارەکانی ئێزدی لە کەمپەکاندا دەژین، شنگال ئاوەداننەکراوەتەوە و هیچ خزمەتگوزارییەک پێشکێشی قەزاکە نەکراوە، بۆیە جینۆسایدەکە بە بەردەوام دەزانین و دەڵێین، دۆخی ئێزدییان جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ ساڵی 2014 نییە کە داعش هێرشی کردنە سەر.''
نزیکەی 11 ساڵ بەسەر جینۆسایدی کوردانی ئێزدیدا تێدەپەڕێت. بەگوتەی سەرپەشتیاری دۆسیەی رزگارکردنی رفێنراوان لە نووسینگەی رزگارکردنی رفێنراوانی کوردی ئێزدی، ''زۆربەی ئەوانەی کەوتنە دەستی داعش، ژن و منداڵ بوون."
نووسینگەی رزگاركردنی رفێندراوانی کوردی ئێزدی سەر بە نووسینگەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانە و لە 2014ـوە کار دەکات بۆ رزگارکردنی ئێزدییانی دەستی داعش.
خەیری بۆزانی باسی لەوە کرد، لە ساڵی 2014ـوە تاوەکو 2018 پڕۆسەی رزگارکردنی رفێندراوانی کوردی ئێزدی بە خێرایی بەڕێوەچووە، ''بەڵام دوای ئەوەی [ژنان و منداڵانی چەکدارانی پێشووی داعش] لە کەمپی هۆلدا کۆکرانەوە، بەداخەوە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) هاوکار نەبوون بۆ ئەوەی [ئێزدییانی نێو ژنان و منداڵانی چەکدارانی پێشووی داعش] رزگار بکەن.''
کەمپی هۆل دەکەوێتە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان و لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)دایە. بەشێکی زۆری دانیشتووانی کەمپەکە، ژنان و منداڵانی چەکدارانی پێشووی داعشن، بەڵام رفێندراوانی کوردی ئێزدیشیان تێدایە، کە ناوە ناوە رزگار دەکرێن.
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق تائێستا ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی عێراقی لە کەمپی هۆلەوە گەڕاندووەتەوە. خەیری بۆزانی داوا لە حکومەتی عێراق دەکات بە بەرپرسیار بزانێت و هەوڵ بۆ رزگارکردنی ئەوانە بدات کە کەوتوونەتە دەستی داعش.
شنگال لەڕووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای نەینەوایە. بەگوتەی سەرپەشتیاری دۆسیەی رزگارکردنی رفێنراوان لە نووسینگەی رزگارکردنی رفێنراوانی کوردی ئێزدی، ''تائێستا عێراق و حکومەتی خۆجێیی موسڵ وەکو پێویست هەوڵی گەڕان و رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدییان نەداوە.''
وەک خەیری بوزانی گوتی، حکومەتی عێراق بۆ کاروباری رفێنراوانی ئێزدی دوو لیژنەی پێکهێناوە، ''بەڵام تەنیا وەکو لیژنە ماونەتەوە و تائێستا هیچ هەنگاوێکیان نەناوە، بۆیە دووبارە داوایان لێدەکەین کە هاوکاریی ئەو خەڵکە بکەن کە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.''
حکومەتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لە تشرینی یەکەمی 2020 رێککەوتنێکیان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال واژۆکرد. سەرپەشتیاری دۆسیەی رزگارکردنی رفێنراوانی ئێزدی دەڵێت: ''ئەگەر جێبەجێ کرابووایە، 50٪ـی کێشەکانی شنگال چارەسەر دەبوون و دۆخی ژیانی ئێزدییەکان دەگۆڕدرا، بەڵام بەداخەوە لایەنی بەغدا لە جێبەجێکردنی خاڵەکانی رێککەوتننامەکە زۆر کەمتەرخەمی دەکات.''
لە 3ی ئابی 2014، رێکخراوی داعش هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر شنگال و دەوروبەری. لە هێرشەکەدا 11 هەزار و 417 کوردی ئێزدی رفێندران، کۆمەڵکوژ و بێسەروشوێنکران و دوای هێرشەکەش ژمارەیەکی زۆریان ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون.