چیرۆکێکی تراژیدی؛ کچە کوردێکی تەمەن 10 ساڵانی ئێزدی 10 جار کڕین و فرۆشتنی پێوەکراوە

رووداو دیجیتاڵ
 
بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش دەڵێت: تاوەکو ئێستا 3590 کوردی رفێندراوی ئێزدی لە دەستی داعش رزگارکراون لەکۆی 6417 کەس لە پیاو و ژن و منداڵ کە لەلایەن داعشەوە رفێندرابوون و زۆرینەیان لە سووریا و رۆژئاوای کوردستانن.
 
بە گوتەی ئەو، تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێکی عێراقی یان نێودەوڵەتی هیچ هاریکارییەکی دارایی نەکردوون بۆ رزگارکردنی رفێندراوان.
 
حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش کە نووسینگەکە سەر بە نووسینگەی تایبەتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانە لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: سێ رۆژ لەمەوبەر کچە کوردێکی رفێندراوی ئێزدی رزگارکرا و گەڕێندرایەوە نێو خێزانەکەی و داعش وای لە رفێندراوان تێگەیاندووە کە هیچ کەسوکاریان نەماوە و هیچ شوێنیان نەماوە بۆی بگەڕێنەوە.
 
بە گوتەی قائیدی هێشتا شوێنەوار و مەترسیی داعش لە ناوچەکە ماوە و دەڵێت: ئەگەر داعش وەکو چەکداریش نەمابێت وەکو هزر لە ناوچەکە ماوە و مەترسیی هزری داعشی هیچی کەمتر نییە لە مەترسیی چاکداری داعش.
 
لەبارەی زانینی شوێنی ئەو رفێندراوانەی کوردانی ئێزدیش کە هێشتا رزگار نەکراون بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش گوتی: بە دیاریکراوی نامانەوێت ناوی هەموو ئەو وڵاتانە ئاشکرا بکەین کە زانیاریمان هەیە لەبارەی بوونی رفێندراوانی کوردانی ئێزدی تێیاندا، بەڵام سووریا و رۆژئاوای کوردستان لە پلەی یەکەمدان و زۆرینەی رفێندراوانی کوردانی ئێزدی هێشتا لە سووریا و رۆژئاوای کوردستانن.
 
"راستە زۆرینەی رفێندراوان لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان و کەمپی هۆلن، بەڵام بینیمان لە غەززەوە رفێندراوی کوردی ئێزدی گەڕایەوە، بۆیە لە وڵاتانی دیکەش هەن" حوسێن قائیدی وای گوت.
 
گوتیشی: هاوئاهەنگیمان لەگەڵ هەسەدە نییە بۆ گەڕاندنەوەی رفێندراوانی کوردانی ئێزدی کە لە رۆژئاوای کوردستانن و هیچ پەیوەندییەکیشمان لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریا نییە و هیچ هاریکارییەکمان ناکەن لە دەستنیشانکردنی شوێن و رزگارکردن و گەڕاندنەوەی کوردانی رفێندراوانی ئێزدی.
 
"10 جار کڕین و فرۆشتنی کچێکی 10 ساڵ"
 
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش باسی لەو چیرۆکە تراژیدییانە کرد کە لە ژیانی کوردانی رفێندراوی ئێزدی روویانداوە و نمونەی بە کچێکی تەمەن 10 ساڵان هێنایەوە کە 10 جار کڕین و فرۆشتنی پێوەکراوە و دەستدرێژیی سێکسی کراوەتەسەر لەلایەن چەکدارانی داعشەوە.
 
"چیرۆکێک کە هەرگیز لە یادەوەریم دەرناچێت ئەوەبوو کە ئەوکاتەی تیرۆریستانی داعش شنگالیان داگیرکرد، کچە کوردێکی تەمەن 10 ساڵیان دەستگیرکردبوو و لە ماوەیەکی کەمدا 10 جار کڕین و فرۆشتنیان پێوەکردبوو و 10 پیاوی جیاواز لە تەمەنی 20 – 70 ساڵ دەستدرێژیی سێکسییان کردبووە سەری، کچەکە ئەوەندە تەمەنی منداڵ بوو نەیدەزانی کە ئەمە چییە بەرامبەری کراوە و دەستدرێژیی سێکسی چییە. ئەمە یەکێکە لەو سەتان چیرۆکە تراژیدییەی لە ژیانی کوردانی ئێزدی تۆمارکراون و هیچکات لە یادم ناچێت"، حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش وا دەڵێت.
 
لە چەند رۆژی داهاتوو بە دیاریکراوی رۆژی (3 ئاب) 11یەمین ساڵیادی جینۆسایدی کوردانی ئێزدییە، کە ساڵی 2014 رێکخراوی پەڕگیری داعش بەشێکی گەورەی سووریا و عێراقی کۆنترۆڵ کرد و لە 3ی ئابی ئەو ساڵەدا شاڵاوێکی خوێناویی کردە سەر شنگال و دەوروبەری، کوڕ و پیاوانی کوردانی ئێزدیی کۆمەڵکوژ کرد و منداڵ و ژنەکانیشی رفاندن.
 
 رۆژی دووشەممە (28/7/2025) رێکخراوی یەزدا بە ئامادەبوونی نوێنەرانی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆنسووڵخانەکانی ئەمریکا و ئەڵمانیا و ژمارەیەک لە رزگاربووانی ئێزدی، رێوڕەسمێکی لە شاری هەولێر سازکرد، نوێنەرە بیانییەکان جەختیان لەسەر پێویستیی جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال، گەڕانەوەی ئاوارەکان و چوونەدەرەوەی گرووپە چەکدارەکان لە ناوچەکە کردەوە.
 
لەو رێورەسمە پەیامی نێچیرڤان، بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەلایەن دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان خوێندرایەوە و لە بەشێکیدا هاتبوو "هه‌موو خوشك و برايانى ئێزديمان دڵنيا ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ هه‌ر كاتێك و له‌ هه‌ر شوێنێك پێويست بێت، به‌رگرييان لێ ده‌كه‌ين و پارێزه‌ريان ده‌بين، هه‌روه‌ها ده‌مه‌وێ دووپاتى بكه‌مه‌وه‌ كه‌ نووسينگه‌كه‌مان بۆ رزگاركردنى رفێنراوانى ئێزدى له‌ كاره‌كه‌ى به‌رده‌وام ده‌بێت و تا يه‌ك تاقه‌ ئێزدى رفێنراو مابێت، هه‌رچى پێويست بێت ده‌يكه‌ين بۆ رزگاركردن، يان ئاشكراكردنى چاره‌نووسيان".