وردەکاریی کەوتنەخوارەوەی سێ درۆن لە سنووری هەولێر و کەرکووک

 
رووداو دیجیتاڵ

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوو درۆن لە سنووری پارێزگای هەولێر و درۆنێک لە سنووری کەرکووک کەوتنەخوارەوە. پەیامنێرانی رووداو دەڵێن، زیانی گیانییان نەبووە.
 
یەکەم درۆن لە پارێزگای هەولێر، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 28-07-2025 لە ناحیەی رزگاریی سەر بە قەزای خەبات کەوتەخوارەوە. هۆرڤان رەفعەت، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە شوێنی کەوتنەخوارەوەی درۆنەکە رایگەیاند، خۆی بە ژووری سەرووی کافتریایەکدا کێشاوە.
 
بە گوتەی پەیامنێری رووداو، زیانێکی زۆر بەر ژوورەکە کەوتووە، "تیمەکانی ئاسایشی ناوچەکە گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و پارچەکانی درۆنەکەیان کۆکردووەتەوە."
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی هۆرڤان رەفعەت، لەکاتی کەوتنەخوارەوەی درۆنەکە، ژمارەیەک هاونیشتمانی لە کافتریاکەدا بوون، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە."
 
خاوەنی کافتریاکە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، "کاژێر 05:50 خولەک بوو، سەرقاڵی ئامادەکاری بووین لە کافتریا، لەناکاو دەنگێکی بەهێز هات، چووینە سەربان و بینیمان دیواری ژووری سەروو کون بووە، پارچەیەک لە درۆنەکە کەوتووەتە خوارەوە، هەروەها جامی پەنجەرەکان شکاون."
 
 
دووەم درۆن هەر لە سنووری هەولێر، لەنزیک گوندی کەورەسۆر کەوتووەتە نێو زەوییەکی کشتوکاڵی، بەڵام هیچ زیانێکی نەبووە.
 
تاوەکو ئێستا نازانرێت کە درۆنەکان سەر بە چ لایەنێکن و لە کوێوە ئاراستە کراون، بەڵام شایەتحاڵان دەڵێن بۆمبڕێژکراو بوون.
 
دژە تیرۆری کوردستانیش رایگەیاندووە کە کەوتنەخوارەوەی درۆنەکان زیانی گیانیی نەبووە.
 
"ئەو درۆنەی لە کەرکووک کەوتەخوارەوە بۆ چاودێری بوو"
 
سێیەم درۆن، بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە لە سنووری قەزای حەویجەی سەر بە پارێزگای کەرکووک کەوتەخوارەوە. هەردی محەممەد، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە نزیک شوێنی کەوتنەخوارەوەی درۆنەکە گوتی، "پێدەچێت ئەو درۆنە جیاواز بێت لەوانەی کە ئاراستەی کێڵگەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکرێن، چونکە نەتەقیوەتەوە و پێدەچێت خۆی لەکارکەوتبێت."
 
بەگوێرەی سەرچاوە ئەمنییەکانی حەویجە کە قسەیان بۆ رووداو کردووە، درۆنەکە لە زەوییەکی کشتوکاڵی کەوتووەتە خوارەوە و هیچ زیانێکی گیانی و ماڵیی نەبووە.
 
 
سەرچاوە ئەمنییەکان پشتڕاستیان کردووەتەوە کە درۆنەکە چاودێریی بووە و تاوەکو ئێستا یەکلایی نەبووەتەوە چ لایەنێک ناردوویەتی، بەڵام لەوبارەوە لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.
 
کەوتنەخوارەی ئەو سێ درۆنە لەکاتێکدان کە لە مانگی تەمموزدا زیاتر لە 20 هێرشی درۆنی کراونەتە سەر ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان، کە بەشێکیان کێڵگە نەوتییەکانی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆکیان کردە ئامانج.