دەست بە نۆژەنکردنەوەی مەزارگەی شێخ مەند پاشا لە لالش کرا
رووداو دیجیتاڵ
نۆژەنکردنەوەی مەزارگەکان لە پەرستگەی لالش بەردەوامە و ئەمڕۆش دیزاینی مەزارگەی شێخ مەند پاشا تەواوبوو و دەست بە جێبەجێکردنی پلانی نۆژەنکردنەوەی کرا.
خەیری بۆزانی، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەکۆتایی ساڵی 2018ـەوە دەست بە نۆژەنکردنەوەی پەرستگەی لالش کراوە و تاوەکو ئێستاش کارێکی زۆر باش کراوە.
خەیری بۆزانی ئاماژەی بەوەکرد، زیاتر لە 100 مەزار لە پەرستگەی لالش هەن و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 20 دانەیان نۆژەنکراونەتەوە.
لە چەند هەفتەی رابردوودا جەخت لەوە کرایەوە، دەبێت دیزاینێکی تایبەتی و جیاواز بۆ مەزارگەی شێخ مەند پاشا دیاری بکرێت و ئەمڕۆش دیزاینەکە پەسندکرا و بە ئامادەبوونی پیاوانی ئایینی و لیژنەی سەرپەرشتیکردنی نۆژەنکردنەوەی لالش و پیاوماقووڵانی خێڵی هەوێریا دەست بە نۆژەنکردنەوەی مەزارگەی شێخ مەند پاشا کرا.
پەرستگەی لالش گەورەترین پەرستگەی کوردانی ئێزدییە لە جیهاندا؛ لە باکووری شێخان لەنێوان سێ چیادا هەڵکەوتووە.