لە ساڵی 2004 وە بەشی زمانی فەرەنسی لە زانکۆی سەلاحەدینی هەولێر هەیە

رووداو دیجیتاڵ

لە ساڵی 2004 وە بەشی زمانی فەرەنسی لە زانکۆی سەڵاحەدینی هەولێر هەیە. لەماوەی ئەو 17 ساڵەدا 400 قوتابی خوێندنیان لەو بەشە تەواو کردووە، ئێستاش 116 قوتابی تێیدا دەخوێنن.
 
لە چوارچێوەی پرۆگرامی پەروەردەیی ئیراسمۆس پڵەس لە یەکێتیی ئەوروپا، 13 قوتابی بەشی زمانی فەرەنسی دەچن بۆ خویندن لە فەرەنسا، یەکێک لەو قوتابییانەی ناوی هاتووە بۆ ئەوەی بۆ خوێندن بچێتە ئەو وڵاتە ناوی رەگەزە، تەمەنی 20 ساڵە و خۆی بۆ رۆیشتن ئامادە دەکات، باوکی دەڵێت هەستێکی خۆشە کە کوڕەکەی دەچێت بۆ فەرەنسا بۆ خوێندن و سەرۆکی فەرەنساش سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات.
 
رەگەز ئەم هاوینە لە رێگای یوتیوبەوە بەردەوام بووە لە خویندن و بڕیارە سەرەتای مانگی داهاتوو بۆ ماوەی 5 مانگ کۆرسی یەکەمی قۆناخی سێیەمی لە زانکۆی رۆین نۆرماندی فەرەنسا بخوێنێت.
 
پرۆگرامی پەروەردەیی ئیراسمۆس پڵەس لە یەکیتی ئەوروپا پشتگیری خوێندنی 13 قوتابی بەشی زمانی فەرەنسی زانکۆی سەلاحەدینی کردووە بۆ خویندن لە فەرەنسا ، لە قۆناخی یەکەمدا 7 قوتابی دەڕۆن کە رەگەز یەکێک لەوان و پاش گەڕانەوەیان 6 قوتابی دیکە دەڕۆن.
 
ماهیدە بەکر، دایکی رەگەز بە رووداوی گوت: "هەستێ زۆر خۆشمان هەبوو هیوادارم لەش ساخ بێت، دەستخۆشی لە مامۆستاکانی و سەرۆکی حکومەت دەکەم".
 
حوسێن باوکی رەگەز هاوکات بوونی چوونی کوڕەکەی بۆ فەرەنسا سەردانیکردنی سەرۆکی فەرەنسا بۆ هەولێر بە شتێکی "گەورە و پیرۆز" ناودەبات و دەڵێت: "هیوادارم کوڕەکەم لەگەڵ هاوڕێکانی برۆن و بەدەرەجەی باش بگەڕێنەوە".
 
بەشی زمانی فەرەنسی زانکۆی سەڵاحەدین لە ساڵی 2004 وە کراوەتەوە و تاوەکو ئێستا 400 خوێندکار خوێندنیان لەو بەشە تەواو کردووە. ئێستاش 116 قوتابی لە چوار قۆناخدا خوێندکاری بەشی زمانی فەرەنسین کە 57 یان کوڕن و  59یان کچ. هەروەها 15 مامۆستا لەم بەشە وانە دەڵێن و بەردەوامن لە ئاڵوگۆڕی زانیاریی لەگەڵ زانکۆکانی فەرەنسا.
 
دکتۆرجەوهەر سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین بە رووداوی گوت: "لە مانگی 10 وەفدێک لە مامۆستاکان سەردانی هەمان زانکۆ واتا رۆین نۆرماندی فەرەنسا دەکەن تا وەکو بتوانن لە نزیکەوە سوود لە پرۆسەی پەروەردە و وانە وتنەوە وەربگرن. لە مانگی 11 دوو لە مامۆستاکانی خۆمان کە هەڵگری بڕوانامەی دکتۆران لە بەشی زمانی فەرەنسی زانکۆی سەلاحەدین سەردانی هەمان زانکۆ دەکەن".
 
لە هەرێمی کوردستان دوو قوتابخانەی زمانی فەرەنسی هەن و سێ قوتابخانەی دیکە خوێندنی فەرەنسی زمانی دووەمیانە و زانکۆی سەلاحەدین و زانکۆی لوبنانی - فەرەنسی بەشی تایبەت بە فێرکردنی زمانی فەرەنسییان هەیە.