ژیان بۆ دەڤەری بەرواری باڵا دەگەڕێتەوە و خەڵک دەست بە ئاوەدانی دەکەنەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە دەڤەری بەرواری باڵا، ئیتر دەنگی تۆپ و فڕۆکە جەنگییەکان خامۆش بوون و لەبری ئەوان، دەنگە خۆش و پڕ هیواکانی ئامێرەکانی کارکردن و چەکوشەکانی دارتاشان بەرز دەبنەوە. ئەو ناوچەیە گۆڕانکارییەکی گەورە بەخۆوە دەبینێت و خەڵکەکەی بە پەرۆشەوە سەرقاڵی بنیاتنانەوە و گێڕانەوەی ژیانن.
پاش ماوەیەکی زۆر لە گرژی و شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان تورکیا و پەکەکە، کە ترس و دڵەڕاوکێی بڵاوکردبووەوە و خەڵکی لە بیرکردنەوە لە ئاوەدانی ساردکردبووەوە، ئێستا ئارامییەک هاتووەتە ئاراوە و ژیان لە گوندەکاندا دەستپێدەکاتەوە.
جەعفەر وەیسی، یەکێک لەو مامۆستایانەی سەرقاڵی کاری بیناسازییە بە رووداوی گوت: "پاش وەستانی شەڕ، پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە بەردەوامە و کار دەکرێت. ئێستا لە گوندی مایێ دێریشکین و پاشان ئۆرمەدادی و تاوەکو هرووریش کار دەکەین."
ئیبراهیم کامل، خەڵکی گوندی چەلکێ ئاماژەی بەوەدا، پێشتر بەهۆی تۆپبارانەوە تەنانەت کەپرەکانیش لە دەشتی خوارەوە وێران بوون، بەڵام ئێستا دۆخەکە بە تەواوی گۆڕاوە. گوتیشی، "پاش ئەوەی تۆپ و فڕۆکە نەمان، خەڵک گوندەکانی خۆیان ئاوەدان دەکەنەوە. ئاوەدانی لە دەڤەرەکەدا بەڕێوەدەچێت. پێشتر کەپرێک لێرە هەبوو، خراپ ببوو. کەس جورئەتی نەدەکرد بێتە سەر موڵکی خۆی یان زەوییەکانی بکێڵێت. ئێستا کە شەڕ و تۆپباران نەماوە، خەڵک هەڵدەستن و خانووەکانی خۆیان دروست دەکەنەوە."
پڕۆسەی ئاشتی کاریگەریی ئەرێنی لەسەر دەڤەری بەرواری باڵا دروستکردووە. لە ئۆرمەدادی، بێدهێ، دێریشکێ، تیشەمبێک و چەلکێ و چەندین گوندی دیکە، گوندنشینان دەستیان کردووە بە دروستکردنەوەی خانووەکانیان و گێڕانەوەی ژیان بۆ ناوچەکانیان.