چیرۆکی فیلمی تیمساح؛ ئەیام ئەکرەم: زۆر گریام
رووداو دیجیتاڵ
لەسەر فەرشی سوور، نمایشی تایبەتی فیلمی "تیمساح" لە سینەما ئێمپایەر لە هەولێر، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە بینەر و هونەرمەندان بەڕێوەچوو. فیلمەکە لە یەکەمین نمایشیدا توانی دوو هۆڵی سینەما پڕ بکات لە بینەر، ئەمەش ئاماژەیەک بوو بۆ سەرکەوتنێکی چاوەڕوانکراو.
(تیمساح) لە دەرهێنان و سیناریۆی سەید کەمالە، کە چیرۆکی فیلمەکەی لەسەر بنەمای رووداوێکی راستی نووسیوە.
سەید کەمال، دەرهێنەری فیلمەکە، سەبارەت بە پرۆسەی دروستکردنی فیلمەکە بە رووداوی ڕاگەیاند: "بە نزیکەیی ماوەی وێنەگرتنمان 20 رۆژ بوو، بەڵام بە گشتی لە ماوەی پێش بەرهەمهێنان تا دوای بەرهەمهێنان 6 تا 7 مانگی خایاند."
فیلمی (تیمساح) ژانرێکی تاوانکاری و پۆلیسییە، چیرۆکەکەی باس لە لێکۆڵەرێکی هێزە ئەمنییەکان دەکات کە چۆن هەوڵ دەدات بازرگانەکانی مادەی هۆشبەر بدۆزێتەوە.
ئەم فیلمە بینەر ئاشنای جیهانی تاریکی ئاڵوودەبوون بە مادەی هۆشبەر و خیانەت دەکات، کە کێشەیەکی گەورەی کۆمەڵایەتییە لە ئێستا دا.
هەردی سەلامی رۆڵی لێکۆڵەرەکە و ئەیام ئەکرەم رۆڵی باوکێکی بەستەزمانیان لە فیلمەکەدا بینیوە. ئەیام ئەکرەم، ئەکتەری فیلمەکە، کاریگەری فیلمەکەی لەسەر خۆی بەم شێوەیە دەربڕی: "زۆر کاریگەربووم بەو فیلمە چونکە هەستی وای تێدابوو بەڕاستی گریانم هات، بەڕاستی لەو فیلمە گریاوم."
جگە لە پەیامە کۆمەڵایەتییەکەی، فیلمی (تیمساح) ئاستێکی باڵای تەکنیکی هەیە و تەواوی دیمەنەکانی لە شاری هەولێر تۆمارکراون. سوهراب جول، بەرپرسی دەنگی فیلمەکە رایگەیاند: "هەوڵمداوە فیلمەکە بەرەوپێش ببەم لە بواری دەنگ و میوزیک، واتە ژانری نوێ و ستایلە نوێیەکان بێنمە ناو فیلمەکە."
دیمەن زەندی، یەکێکی دیکە لە ئەکتەرانی فیلمەکە، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و گوتی: "بۆ من زۆر جێگەی دڵخۆشی بوو کە یەکەم دیمەنی من لەگەڵ کاک هەردی سەلامی بوو لە ناو فیلمەکە کە دەستمپێکرد."
لە نمایشی تایبەتی هەولێر کە ئێوارەی چوارشەممە بەڕێوەچوو، نزیکەی 400 کەس ئامادەبوون. بینەران بە کاریگەرییەوە باس لە فیلمەکە دەکەن. نەفەس مەهدی، یەکێک لە بینەران گوتی: "ئەو کاتەی کە منداڵەکە کۆچی دوایی کرد زۆر هەستێکی ناخۆشبوو، شتەکانیان بە روونی پێشانت دەدا کە چەند هەستەکە لێت نزیک دەبووەوە زۆر شتێکی جوان بوو، زۆر پێی بێتاقەت بووم لەو خولەکەدا کە باوکی منداڵەکە دەگریا یان دایکی لەخۆی دەدا بەجدی خەریک بوو دەست بە گریان بکەم."
هۆنیا کەمال، بینەرێکی دیکەیە، ئاماژەی بە پەیامی کۆمەڵایەتی فیلمەکە کرد: "فیلمێکی زۆر تایبەت بوو، وە ئەو فیلمە پێویستە تاوەکو کۆمەڵگە هۆشیار ببنەوە و ئاگاداربن ئەم بابەتانانە چۆنن، وە ئەو کەسانەی لەو بوارەدان چارەنووسیان چییە."
باوەش جەوادیش دەڵێت: "وەکو سیناریۆ شتێکی زۆر جوان بوو، هیوادارم فیلمی وا بەردەوام بێت."
جگە لە هەولێر، فیلمی (تیمساح) لە رۆژی 28ی ئەم مانگە لە سینەماکانی سلێمانی و دهۆک نمایش دەکرێت، هەروەها چاوەڕێ دەکرێت لە سەرەتای مانگی داهاتوو لە هەڵەبجە، کەرکووک و سۆرانیش نمایش دەستپێبکات.