پەروەردەی شەقڵاوە: رێکخراو و خێرخوازان 6 قوتابخانەیان بۆ نۆژەنکردووینەتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

دانیشتوانی گوندی فلوون لە دەشتی هەریر چەندین ساڵە بەدەست نەبوونی قوتابخانەوە دەناڵێنن، ئەمەش وایکردووە منداڵەکانیان بچنە گوندەکانی دەورووبەریان. ئەوان داوا دەکەن قوتابخانەیان بۆ بکرێتەوە، بەڕێوەبەری پەروەردەی شەقڵاوە دەڵێت، گرفتی مامۆستایان هەیە و لەهەوڵدان بۆ کردنەوەی قوتابخانە لە گوندەکە.
 
مامۆستا خدر حەمەد، بەڕێوەبەری پەروەردەی شەقڵاوە میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو، باسی لە گرفتی گوندی فلوون کرد و رایگەیاند، لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی نەبوونی خوێندکار و نەبوونی باڵەخانە داخراوە. ساڵی رابردوو، داوایان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەولێر کردووە بۆ کردنەوەی قوتابخانەکە، کە ئەوانیش بە مەرجی دابینکردنی میلاک رەزامەندییان داوە، بەڵام کێشەی سەرەکی ئێستا نەبوونی مامۆستای خەڵکی گوندەکەیە.
 
دانیشتووانی گوندی فلوون دەڵێن، 16 خوێندکاریان هەیە و خانوویەکیشیان تەرخانکردووە بۆ قوتابخانەکە و هەموو پێداویستییەکانی هەیە. بەڕێوەبەری پەروەردەی شەقڵاوە دەڵێت، هەموو هەوڵێک دەدات تاوەکو 15ی ئەیلوول قوتابخانەکە بکەنەوە، بەو مەرجەی ژمارەی خوێندکاران لە 10 قوتابی کەمتر نەبێت.
 
مامۆستا خدر حەمەد ئاماژەی بەوەشکرد، چاوەڕوانن ئەو مامۆستایانەی دابڕاون و وەربگیرێن بۆ ئەوەی بتوانن مامۆستای پێویست بۆ گوندەکە دابین بکەن، ئەگەرنا، ناچار دەبن لە گوندەکانی دیکە مامۆستا بۆ فلوون دابین بکەن.
 
بەڕێوەبەری پەروەردەی شەقڵاوە، لەبارەی نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان ئاماژەی بەوەکرد، ئەمساڵ وەزارەتی پەروەردە بە هاوئاهەنگی دەزگای خێرخوازی بارزانی چوار قوتابخانەی نۆژەنکردووەتەوە. هەروەها خێرخوازانیش دوو قوتابخانەی دیکەیان نۆژەنکردووەتەوە. جگە لەمانە، قوتابخانەیەکی 6 پۆلی کە رووخا بوو، سەرلەنوێ وەکو قوتابخانەیەکی نۆ پۆلی دروست دەکرێتەوە.
 
لە سنووری پەروەردەی شەقڵاوەدا، 179 قوتابخانە و باخچەی ساوایان هەن، کە لە 17 ئامادەیی، 11 دواناوەندی، 140 بنەڕەتی و 11 باخچەی ساوایان. پێکدێن، کۆی گشتی ژمارەی خوێندکارانیش نزیکەی 28 هەزار و 227 خوێندکارە.