لە زاخۆ دوو برا بەهۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەکەیانەوە گیانیان لەدەستدا

 
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە زاخۆ بەهۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێکی کارکردوو بە گاز، دوو برا گیانیان لەدەستدا.
 
وەکو ئەوەی لە پاشماوەکەی دەردەکەوێت، تەقینەوەکە گەورە بووە. ئۆتۆمبێلێکی جۆری سۆرینتۆی مۆدێل 2022 ورد و خاش بووە. تەقینەوەکە کاژێر 07:10ـی بەیانیی ئەمڕۆ روویدا، بەڵام هێشتا دووکەڵ لە چەند شوێنێک بەرز دەبێتەوە. 
 
دوو برا بە ناوەکانی محەممەد و سەعید ئیسلاح کە تەمەنیان 20 ساڵ و 13 ساڵ بوو، بەهۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەکەیان پارچە پارچە بوون.  
 
ئەحمەد سلێڤانەیی خزمی دوو گەنجەکەیە، یەکەم کەس بووە کە رووداوەکەی بینیوە و دەڵێت: "سیستمی گازیان دوێنێ شەو داناوە. بەیانیی زوو ویستبوویان بچنە دەرەوە. وادیارە کارێکی هەبووە. من دراوسێیانم. کوڕی پوورمن و یەکێکیشیان زاوامانە. ئێمە لە ژوورەوە نووسبووین، هەر ئەوەندەمان زانی دنیا وێران بوو. هاتم بینیم پارچە پارچە بوون."
 
هێزە ئەمنییەکان لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن. بۆ ئەوەی هۆکاری پشت تەقینەوەکە پشتڕاست بکەنەوە. 
 
تەقینەوەکە هێندە گەورە بووە، بە دووریی 500 مەتر زیانی لێ کەوتووەتەوە. 
 
محەممەد رەشید، دراوسێیانە و دەڵێت: "تەقینەوەکە زۆر بەهێز بوو. دووکەڵ و ئاگر و خۆڵم بینی. گەڕامەوە کچەکەم لێرەوە بردە دەرەوە و دواتر چوومە سەر رووداوەکە یارمەتییان بدەم. بەڵام بەداخەوە، کە چووین دوو گەنج ونببوون. پارچەکانیانمان لێرە هەڵگرتنەوە. پارچەیەکیان تا ئێرە هاتبوو." 
 
تەرمەکان گوێزرانەوە بۆ دادپزیشکی و دوای گەڕانەوەیان، خزم و کەسیان چاوەڕێیان دەکردن. باوکی هەردوو کوڕەکە بەهۆی ئەو شۆکەی بەریکەوتووە، نەیتوانی لە ئۆتۆمبێلەکەی دابەزێت. فرمێسک لە چاوەکانی مامیان دەچۆڕێت. 
 
خالید عەلی، مامی دوو گەنجەکە دەڵێت: "دوێنێ شەو میوانمان بوون. هەردووکیان نزیکەی کاژێرێک لای ئێمە بوون. گاڵتەمان لەگەڵ کردن، من و کوڕەکەم بووێن. دواتر ماڵئاواییان لێکردین." 
 
هەردووکیان لە گۆڕێکدا بەخاک سپێردران و ئەوانەی لە گۆڕستان ئامادە بوون، هاتوون بۆ ئەوەی دڵنەوایی خێزانەکەیان بدەنەوە.