9 هەزار کەسوکاری شەهید و ئەنفالکراوان مەترسی بڕینی مووچەیان لەسەرە
رووداو دیجیتاڵ
مەترسی لەسەر بڕینی مووچەی نزیکەی 9 هەزار کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان هەیە. بەڕێوەبەرایەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانیش هۆشداری دەدات لەوەی بۆ مانگی داهاتوو کێشەی مووچەیان بۆ دروست دەبێت.
ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆکە دا دەردەکەوێت، کەسوکاری شەهید و ئەنفالکراوانن؛ لەترسی بڕانی مووچەی شەهیدانەکەیان چوونەتە بەڕێوەبەرایەتیی شەهیدان و ئەنفالکراوانی سلێمانی. ماوەی چەند ساڵێکە داوایان لێکراوە کارتی نیشتمانییەکەیان بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکە ببەن، بەڵام هێشتا نزیکەی 9 هەزار کەسوکاری شەهید و ئەنفالکراو و کیمیاباران کارتی نیشتمانییان نەبردووە.
نەزیرە ساڵح، کەسوکاری شەهیدە و دەڵێت: "بۆ مامەڵەیەک هاتمە بەڕێوەبەرایەتییەکە لێرە گوتیان دەبێت پشکنین بۆ فایلەکانت بکەین، تەماشایان کرد و بۆیان رێکوپێککردم ئێستا کێشەی مووچەبڕانم نییە."
بارام ئەحمەدیش کەسوکاری شەهیدە و دەڵێت: "کارتی نیشتمانیم هێناوە و داوا لە کەسوکاری شەهیدانیش دەکەم کارتی نیشتمانییەکانیان بهێنن، بۆئەوەی توشی کێشە نەبن."
رۆژانە لە کاژێر 08:30ـی بەیانییەوە بەڕێوەبەرایەتییەکە دەرگەی کراوەیە و داواکاریی سەرەکییان ئەوەیە کارتی نیشتمانییان بۆ بەرن تاوەکو لە سیستمی نوێی مووچەدا تۆماری بکەن.
ئازاد حاجی، بەڕێوەبەری ئامار و بانکی زانیاری لە بەڕێوەبەرایەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی سلێمانی دەڵێت: "چەند جارێک پەیوەندیمان بە سەروو خۆمانەوە کردووە، بۆ چارەسەری کێشەی ئەو کەسانەی لە وڵاتانی دەرەوەن و ناتوانن بگەڕێنەوە مامەڵەکانیان بکەن، یان کەسێکی بەتەمەنە و پەنجەمۆری نایخوێنێتەوە یان لەسەر جێگەیە و ناتوانێت بێت مامەڵەکەی بکات یان کارتی نیشتمانیی نییە، بەڵام تاوەکو ئێستا چارەسەرێکیان پێنەگوتووین، هەرچەندە هەندێکیان کە توانراوە میراتگرەکەی بگۆڕێت، بەڵام ئەمانیش ئەوانەی میراتگرەکەیان دایک یان باوک یان هاوژینیانە، ناتوانرێت میرتگرەکەیان بگۆڕدرێت."
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان جەخت لەوە دەکاتەوە لە مانگی ئەیلوول دا کێشەی مووچە دروستدەبێت، ئەگەر کارتی نیشتمانی نەهێنن.
مەحموود سەرمۆردی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی سلێمانی باس لەوە دەکات، "بۆ ئەوەی کێشە بۆ مووچەکانیان دروست نەبێت، دوو ساڵە داوا دەکەین، ئێستاش چەندبارە تکا دەکەین کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان و کیمیاباران بێن بەدەممانەوە."
کارتی نیشتمانییەکە بۆ بەئەلیکترۆنیکردنی مووچەی مووچەخۆرانە، کە بەسیستمی پەیرۆڵ ناسراوە و بەشێکە لە پڕۆژەی بایۆمەتری.