کۆبوونەوەی شاندی ئیمراڵی و ئۆجەلان کۆتاییهات

 
رووداو دیجیتاڵ 

کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کۆتاییهات. چاوەڕوان دەکرێت پارتەکە راگەیێندراوێک لەسەر زاری شاندەکە لەبارەی نێوەڕۆکی دیدارەکە بڵاوبکاتەوە.
 
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی کە لە پەروین بوڵدان و میتحەت سانجار، پەرلەمانتارانی پارتەکە و فایەق ئۆزگور ئەرۆل، پارێزەری ئۆجەلان پێکهاتبوو، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 28ی ئابی 2025 سەردانی گرتووخانەی ئیمراڵییان کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کۆبووەوە.
 
کۆبوونەوەکە چوار کاژێری خایاند و چاوەڕوان دەکرێت دەم پارتی، راگەیێندراوێکی نووسراو لەبارەی نێوەڕۆکی دیدارەکە بڵاوبکاتەوە.
 
لەدوای دەستپێکردنی پرۆسەی ئەم جارەی چارەسەری لە تورکیا، ئەمە هەشتەمین سەردانی شاندەکە بوو بۆ لای ئۆجەلان. هاوکات چوارەمین سەردانی شاندەکەیە دوای بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری لەلایەن پەکەکەوە.
 
شاندەکە دوایینجار رۆژی 25ی تەممووزی 2025، سەردانی گرتووخانەی ئیمراڵی کرد و لەگەڵ ئۆجەلان کۆبووەوە.
 
بە گوتەی شاندەکە، سەبارەت بە لیژنەکەی پەرلەمان، ئۆجەلان هیواخواز بووە کە "بە شێوازێکی گشتگیر و فراوان، خزمەتێکی گرنگ بە ئاشتی و دیموکراسی بکات."
 
پرۆسەی چارەسەریی ئەمجارەی تورکیا 1ی تشرینی یەکەمی پار بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) دەستیپێکرد.
 
بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
 
پەکەکە لە 5-7ـی ئایاری ئەم ساڵ، 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
 
رۆژی 11ی تەممووزی ئەم ساڵ، 30 گەریلای پەکەکە لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی سەر بە پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەکی سیمبوولی و وەک ''نیازپاکییەک'' چەکەکانیان سووتاند.