بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک: بەڵێنمان پێدراوە لە باشترین شوێنی هەولێر زەویمان پێبدرێت
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی زەوی بۆ ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانەی سوودمەندنەبوونە، مامۆستایان و فەرمانبەرانی خوێندنی کوردیش لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
کامەران عەلی، بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک بە رووداوی راگەیاند، ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن ژمارەیان (5841) کەسن، فۆرمەکانیان و هەموو رێکارەکان تەواو بوون، تەنیا ئەوە ماوە کاتی دابەشکردنی زەوییەکان دیاری بکرێت.
بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک گوتی: "بەڵێنمان پێدراوە لە باشترین و گونجاوترین شوێن، کە شیاوی مامۆستایان و فەرمانبەرانمان بێت لە سنووری پارێزگای هەولێر زەویمان پێ بدرێت".
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان 27ـی ئاداری 2024، بڕیاری دابەشکردنی زەوی بۆ فەرمانبەر و خانەنشیناندا کە سوودمەند نەبوون.
بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024 لە ژمارە 219ـی رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاوکرایەوە.
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەرێک تەرخان دەکرێت 200 مەتر دووجا دەبێت؛ دابەشکردنی زەویش بەشێوەی تیروپشک و بەپێی سیستمی خاڵبەندی دەبێت. سێ مەرجیش دیاریکراون کە بریتین لە ساڵانی خزمەت، ژمارەی ئەندامانی خێزان و شوێنی نیشتەجێبوون.