لە کۆگەیەکی فەرماندەیی سپیلک لە خەلیفان گولـلە تۆپێک تەقییەوە و سێ پێشمەرگە بریندار بوون


رووداو دیجیتاڵ

لە کۆگەیەکی چەک و تەقەمەنیی فەرماندەیی سپیلک لە ناحیەی خەلیفانی سەر بە پارێزگای هەولێر تەقینەوەیەک روویدا و بەهۆیەوە سێ پێشمەرگە بریندار بوون.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 28ـی ئەیلوولی 2023، لەکاتی خاوێنکردنەوەی کۆگەیەکی تەقەمەنی لەنێو بارەگای فەرماندەیی سپیلک گولـلە تۆپێک تەقییەوە و بەهۆیەوە سێ پیشمەرگە بریندار بوون. 
 
رووداوەکە کاژێر 5:40ی ئێوارەی ئەمڕۆ روویداوە. لیوا تاریق هەرنی، فەرماندەی فەرماندەیی سپیلک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو پێشمەرگانەی بریندار بوونە ساچمەی گولـلە تۆپەکەیان بەرکەوتووە و رەوانەی نەخۆشخانەی خەلیفان کراون. 
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، هەر سێ پێشمەرگەکە، بەهۆی سەختیی برینەکەیان و ناجێگرییی تەندروستییانەوە رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەولێر کراون.