سەنتەری میترۆ: یاسای بەدەستهێنانی زانیاری جێبەجێ ناکرێت و حکومەت جیاوازی لەنێوان میدیاکاندا دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

بەبۆنەی رۆژی جیهانیی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری، سەنتەری میترۆ رایگەیاند، دوای 12 ساڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان یاسای بەدەستهێنانی زانیاری جێبەجێ ناکات. داوای کرد، کابینەی داهاتوو کار بە یاساکە بکات. سەنتەرەکە داوا لە میدیاکارانیش دەکات "مامەڵەی پیشەیی بکەن."
 
رێکخەری سەنتەری میترۆ دەڵێت، حکومەت جیاکاری لە پێدانی زانیاری بە میدیاکان دەکات و دەیەوێت تەنیا ئەو هەواڵانە بڵاوبکەنەوە ئەوان دەیانەوێت.
 
راگەیێندراوەکەی سەنتەری میترۆ ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە، "دەرنەكردنی رێنوێنی بووەتە هۆکاری ئەوەی 12 ساڵە یاسای مافی دەستكەوتنی زانیاری لە هەرێمی کوردستان پەکیبکەوێت و کاری پێنەکرێت."
 
رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "فەرهەنگی شاردنەوەی زانیاری بەسەر دامودەزگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا زاڵە."
 
رێکخەری سەنتەری میترۆ گوتیشی، "حکومەتی هەرێمی کوردستان جیاکاری لەنێوان میدیاکاندا دەکات بۆ پێدانی زانیاری؛ حکومەت دەیەوێت تەنیا هەواڵی پڕۆتۆکۆڵی ئەو بڵاو بکەیتەوە."
 
سەنتەری میترۆ داوایەک ئاراستەی کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت، "بەپێی مادەی (25) لە یاسای ژمارە (11)ی ساڵی 2013، یاسای مافی دەستكەوتنی زانیاری، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ رێنوێنیی پێویست بۆ ئاسان جێبەجێكردنی یاساكە دەربكەن؛ رێز لەم مافە بنەڕەتییە بگرێت كە پەیوەستە بە ئازادیی رادەربڕینەوە."
 
سەنتەری میترۆ راگەیێندراوەکەی گرێداوە بەو هۆیەی، کە بڕیارە سبەی لە رۆژی جیهانیی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری، یونسکۆ بە هاوبەشیی لەگەڵ حكومەتی فیلیپین میوانداریی كۆنفرانسی جیهانی دەستڕاگەیشتن بە زانیاریی گشتگیر بەڕێوەببات و دوو رۆژ بخایێنێت.
 
سەنتەرەکە ئاماژەی بەوە کردووە، دەستڕاگەیشتن بە زانیاری بەردی بناخەی كۆمەڵگەی دیموكراسی و مافێكی بنەڕەتیی مرۆڤە كە پەیوەستە بە ئازادیی رادەربڕینەوە. راشیگەیاندووە، "بەهۆی شاردنەوەی زانیاری هەستیار و گرنگ لەهاووڵاتییان و میدیاكاران لە تێوەگلانی بەرپرسانی حكومی و حیزبی لە دەستدرێژی بۆ سەر سامان و موڵكی گشتی، نەتوانراوە بەشداری چالاكانە بكرێت لە ئاشكراكردنی دۆسیە زۆرەكانی گەندەڵكاران."
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا سەنتەری میترۆ داوایەک ئاراستەی رۆژنامەڤانان و میدیاکان دەکات و دەڵێت، "مامەڵە پیشەیی و راستگۆیی لە مامەڵەكردن لەگەڵ هەواڵ بکەن، چونکە گرنگیان كەمتر نین لە پێدانی زانیارییەكان؛ دەبێت راستگۆبن لە گواستنەوەی زانیاری بۆ هاووڵاتییان و دووربن لە یاریكردن بە زانیاری و نەكەونە داوی هەواڵی درۆ و چەواشەكار."