کارمەندانی پێشووی کۆمپانیاکانی نەوت چاوەڕێی گەڕانەوەن بۆ سەر کار
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە، کرێکاران و بەشێک لە کۆمپانیا خزمەتگوزارییەکان زیاتر لە دوو ساڵە بێکارن.
بەهۆی راوەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی دوو ساڵ، ژیانی ئیدریس و 13 کەسی ئەندامی خێزانەکەی کە پەیوەست بوو بە کارکردنی لە کۆمپانیایەکی لاوەکی لەناو کێڵگە نەوتییەکاندا، کەوتووەتە مەترسییەوە. سەرەڕای دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، هێشتا چارەنووسی گەڕانەوەی بۆ سەر کار نادیارە.
ئیدریس میرشام، کارمەندێکی پێشووی یەکێک لە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوتە، دەڵێت، "زیاتر لە هەزار کرێکار لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەدا کاریان دەکرد." یەکێک لەوانە خالیدە کە ئەزموونی پێنج ساڵ کارکردنی هەیە و ئێستا بە کرێکارییەکی سنووردار بژێوی ژیانی دابین دەکات.
خالید یوسف، کارمەندی پێشووی کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنانی نەوت باس لەوە دەکات کە کۆمپانیا لاوەکییەکان ئاگادار کراونەتەوە کە دەست بە ئامادەکاری بکەنەوە بۆ گەڕانەوە بۆ سەر کار، بەڵام کاتەکەی دیار نییە.
سەگڤان سندی، خاوەنی کۆمپانیایەکی خزمەتگوزاریی تەندروستی بە رووداوی راگەیاند: "کاری ئەو کۆمپانیا ناوخۆییانە بریتیبوو لە گەیاندنی ئاو، کارەبا، دابینکردنی خانوو و کابینە، هەروەها گەیاندنی خواردن و خواردنەوە." ژمارەی ئەو کۆمپانیایانە نزیکەی 70 کۆمپانیا بوو.
لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا، نزیکەی 90٪ـی ئەو کۆمپانیایانە بێکار ماونەتەوە و ئێستا چاوەڕێی ئەوە دەکەن دووبارە دەست بە کارەکانیان بکەنەوە لە کێڵگە نەوتییەکانی سنووری پارێزگای دهۆک.