ئەو کرێکارەی دوێنێ لە کارگەیەکی هەولێر بریندار بوو گیانی لەدەستدا


هەولێر دیجیتاڵ

ئەو کرێکارەی دوێنێ لە کارگەیەکی شیش لە هەولێر بەهۆی تەقینەوەیەکەوە برینداربوو، ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 28-09-2025، یوسف کەریم، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای کرێکارانی کوردستان بە رووداوی گوت: "دوێنێ کرێکارێک لە کارگەیەکی شیش بریندار بوو؛ ئەمڕۆ بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا."
 
هەر ئەمڕۆ شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە تەقینەوەکەی دوێنێدا تەنیا ئەو کرێکارە بریندار بووبوو."
 
بە گوێرەی زانیاریی رووداو، گەنجە کرێکارەکە ناوی یاسین هادییە و تەمەنی 25 ساڵ بوو، لە کارگەی شیشی لاجان لە سنووری پارێزگای هەولێر کاری کردووە. دوێنێ دوای نیوەڕۆ بەهۆی تەقینەوەیەک لەکاتی ئیشدا، بریندار بوو.
 
تەقینەوەکە لەنێو پاشماوەی ئاسنەکان روویداوە، بەو هۆیەوە کرێکارێکە قاچی راستی لەدەستدا. بەیانیی ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا و تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی داد کراوە؛ دوای توێکاری رادەستى کەسوکارى کراوەتەوە.
 
بەگوێرەی ئاماری لقی هەولێری سەندیکای کرێکارانی کوردستان، ئەم ساڵ لە سنووری پارێزگای هەولێر 9 کرێکار لە کاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە.