لە هەولێر کرێکارێک لە باڵەخانەیەک کەوتەخوارەوە و گیانی لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
لە باڵەخانەیەکی شەقامی 40 مەتری لە شاری هەولێر، کرێکارێک لەکاتی کارکردندا کەوتەخوارەوە و دەستبەجێ گیانی لەدەستدا. شایەتحاڵێک دەڵێت، کرێکارەکە خەڵکی رۆژئاوای کوردستان بووە.
رۆژی شەممە، 28ـی 10ـی 2023، شایەتحاڵێکی رووداوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کرێکارێک کە لەگەڵ ئێمەدا کاری دەکرد، لە باڵەخانەیەک نزیک بارەگای یوئێن لە شەقامی 40 مەتریی هەولێر کەوتە خوارەوە و گیانی لەدەستدا".
ئەو شایەتحاڵە ئاماژەی بەوەکرد، کرێکارەکە تەمەنی لەنێوان 35 بۆ 40 ساڵ بوو و خەڵکی رۆژئاوای کوردستان بوو.
یوسف کەریم، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای کرێکارانی کوردستان ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لەو رووداوە ئاگادار نەکراونەتەوە و بەدواداچوون بۆ چۆنێتیی رووداوەکە و هۆکاری گیانلەدەستدانی کرێکارەکە دەکەن.
سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای کرێکارانی کوردستان گوتی، جگە لەو کرێکارەی ئەمڕۆ، ئەمساڵ لە هەولێر هەشت کرێکار لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە.