لە ورمێ دایک و کوڕێک بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا


رووداو دیجیتاڵ

لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان کوڕ و دایکێک گیانیان لەدەستدا و سێ کەسیش بریندار بوون.
 
حەمید مەحبووبی، بەڕێوەبەری مانگی سووری پارێزگای ورمێ رایگەیاند، رووداوەکە شەوی دووشەممە، کاژێر 20:36 لەسەر رێگەی ورمێ-مهاباد بووە و ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە جۆری پیجۆ 405 وەڕگەڕاوە.
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری مانگی سووری پارێزگای ورمێ، لە رووداوەکەدا دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و سێ کەسیش بریندار بوون.
 
بەپێی زانیارییەکان، لە رووداوەکەدا مریەم معروفپوور و واحید محەممەدپوور گیانیان لەدەستداوە، کە کوڕ و دایکن و دانیشتووی شاری پیرانشارن.
 
حەمید مەحبووبی دەشڵێت، بریندارەکانی رووداوەکە لە لایەن تیمەکانی فریاکەوتنەوە بۆ نەخۆشخانەی نەغەدە گوێزرانەوە.
 
نیوەڕۆی دووشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2025، بەهۆی وەرگەڕانی مینی پاسێکی خوێندکاران لەسەر هەمان رێگە (مهاباد-ورمێ) و لە نزیک سێڕێیانی محەممەدیار 13 کەس بریندار بوون.
 
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دادپزیشکیی ورمێ، لە 21-03-2025ـەوە تاوەکو 21-07-2025، واتە لە چوار مانگدا، 241 کەس لەو پارێزگایە بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە و سێ هەزار و 942 کەسی دیکەش بریندار بوون.