سەربەست ئامێدی: دەستکاریی ئەنجامی هەڵبژاردن ناکرێت


رووداو دیجیتاڵ

سەربەست ئامێدی، سەرۆکی رێکخراوی ستێپ بۆ دیموکراسی و هەڵبژاردن و سەرۆکی پێشووتری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دۆخی ئێستای ئۆپۆزیسۆنی هەرێمی کوردستان بە وێنەیەکی نایەکسانی ئەم هەڵبژاردنە ناودەبات و دەڵێت " کاریگەریی نەرێنی لەسەریان دەبێت". 
 
سەربەست ئامێدی لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 11:00 کە جەعفەر موبەشیرنیا پێشکێشی کرد، رایگەیاند: "هیچ مەترسییەک نییە لە رێگەی سیستمی ئەلکترۆنییەوە دەستکاریی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی عێراق بکرێت و دەنگی دەنگدەران پارێزراو دەبێت."
 
سەربەست ئامێدی کە پێشووتر سەرۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بووە رونیکردەوە، لە وێستگەکاندا ژماردنی دەستیی دەنگەکان دەکرێت، بەراورد دەکرێت بە ئەنجامی ئەلیکترۆنی، لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2021 و 2023 ئەنجامەکان وەکو یەک بوون و هیچ جیاوازییەک نەبووە. 
 
باسی لەوەشكرد، لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەنگدان بەشێوەی ئۆنلاین نییە، بەڵکو تەنیا ژماردنی دەنگەکان و جیاکردنەوەی ئەنجامەکان بە شێوەی ئەلیکترۆنی دەبن. 
 
سەرۆکی رێکخراوی ستێپ پێیوایە، هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵی عێراق ناتوانن گۆڕانکاریی گەورە لە نەخشەی سیاسیی عێراقدا بکەن و گوتی، "تەنیا لە باڵی شیعە چەند لایەنێکی نوێ هاتوون". 
 
ئۆپۆزیسیۆنی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکات، هەریەک لە لاهور شێخ جەنگی و شاسوار عەبدولواحید وەک سەرۆکی دوو لیستی بەشدار لە هەڵبژاردن لە سلێمانی زیندانین.
 
سەربەست ئامێدی ئەو دۆخەی بە وێنەیەکی نایەکسانی ئەم هەڵبژاردنە ناوبرد و گوتی: "لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان لە دۆخێکی باشدا نین، بۆ نموونە بەرەی گەل ناتوانێت بانگەشە بۆ بەربژێرانی خۆشی بکات، بۆیە کاریگەرییەکانی لەسەریان نەرێنی دەبن". 
 
بڕیارە رۆژی 11ی تشرینی دووەمی 2025، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت، کە 320ـیان گشتین و 9 کورسییان کۆتان.