تێچووی گەڕانەوە بۆ دەنگدەرانی ناوچە جێناکۆکەکان دابین دەکرێت؛' 150 هەزار دینار بۆ هەر خێزانێک'

رووداو دیجیتاڵ

بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بەشێکی زۆری دەنگدەرانی ناوچە کێشەلەسەرەکان کە کارتی بایۆمەترییان هەیە، دەبێت بگەڕێنەوە بازنەکانی خۆیان بۆ ئەوەی دەنگ بدەن. وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان "هاوئاهەنگیی تەواو"ـی لەگەڵ بەغدا کردووە بۆ ئاسانکاریی هاتووچۆیان لە بازگەکان، یەکێتی و پارتیش تێچووی هاتووچۆی دەنگدەران لە ئەستۆ دەگرن، لە پێناو نەفەوتانی دەنگی کورد لەو پارێزگایەدا کە سێ نەتەوە رکابەری لەسەر کورسییەکانی دەکەن.
 
دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، بە هەزاران کەس لە کەرکووک، خورماتوو و ناوچەی دیکە،روویان لە هەرێمی کوردستان کرد. هەرچەندە خەڵکی هەرێمی کوردستان بە ئاوارەیان نازانن و زۆربەیان تێکەڵی ژیان و کاری شارەکانی هەرێمی کوردستان بوون، بەڵام لە هەڵبژاردندا هەر پارێزگایەک، بازنەیەکە و دەنگدەر دەبێت بگەڕێتەوە پارێزگاکەی خۆی بۆ دەنگدان، نەگەڕانەوەی ئەو خەڵکە بەشداری و رێژەی دەنگی کورد لەو پارێزگایانە کەمدەکاتەوە و کاریگەریی لەسەر ژمارەی کورسی و نوێنەرایەتیی کورد لە خولی داهاتووی پەرلەمانی عێراقدا دەبێت.
 
140 هەزار دەنگدەر لە دوو پارێزگا
 
 بەپێی زانیارییەکانی بەرپرسانی کەرکووک، نزیکەی 100 هەزار دەنگدەری کوردی کەرکووک لە هەرێمی کوردستان هەن، هەروەها لە نەینەواش 40 هەزار کوردی سنووری نەینەوا لە دەرەوەی کەمپەکانی نێو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن.
 
لایەنە کوردستانییەکان دەیانەوێ لە هەڵبژاردنی داهاتوودا خەڵک بەشدارییەکی کارا لە هەڵبژاردن بکەن، چونکە نەتەوەی دیکە لە ئێستاوە ئەو بڕیارەیان داوە، محەممەد کاکەیی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێ :" ئەمجارە لە نەینەوا عەرەب بە لێشاو روو لە سندووقەکانی دەنگدان دەکەن، بەتایبەتی سەنتەر و باکووری موسڵ"، لە کەرکووکیش بەرپرسانی کورد بە هەمان شێوە رایانگەیادبوو کە عەرەبی کەرکووک خۆیان ئامادە کردووە بۆ بەشدارییەکی کارا لە هەڵبژاردندا .
 
وەزارەتی ناوخۆ: هاوئاهەنگیی تەواو هەیە بۆ ئاسانکاری هاتووچۆی دەنگدەران
 
هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەسەر پرسی دەنگدەرانی پارێزگاکانی دیکە، بەتایبەت کەرکووک، سەڵاحەدین، نەینەوا ئەوەی پەیوەندی بە وەزارەتی ناوخۆوە هەیە، ئامادەکاریی زۆر باشمان کردووە و هەموو ئاسانکارییەکیان لە رووی هاتووچۆ و ئەمنییەوە بۆ دەنگدەران دەکرێت."
 
رۆژی 21ـی ئەم مانگە، لیژنەی باڵای سەرپەرشتیی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە کۆبووەوە. هێمن میرانی دەڵێ: "لەو کۆبوونەوەیەدا باسی بابەتی دەنگدەرانی ناوچە کێشەلەسەرەکانیش کرا و لەگەڵ لیژنەی باڵای ئەمنیی فیدراڵی رێککەوتین هاوئاهەنگیی تەواو لە نێوانماندا هەبێت، بۆ ئەوەی ئەوپەڕی ئاسانکاری بۆ دەنگدەران بکەین لە کاتی هاتووچۆدا، تاوەکو بە ئاسانی بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان بۆ دەنگدان."
 
ئەو دەڵێ: "هەر کەسێک لە رۆژی دەنگداندا کارتی دەنگدانی پێبێت، وەکو ئەوە وایە پاسپۆرتی پەڕینەوەی پێبێت بۆ ئەوەی کێشەی بۆ دروست نەبێت لە کاتی گەڕانەوەدا."
 
ئاوارەکانی کەرکووک، نەینەوا، سەڵاحەدین و دیالە کە ناسنامە و کارتی نیشتمانییان هی ئەو ناوچانەیە، پێویستە بگەڕێنەوە پارێزگاکانیان بۆ ئەوەی دەنگ بدەن.
 
پارێزگاری هەولێر: هەموو ئاسانکارییەک لە بازگە و دەروازەکان بۆ ئاوارەکان دەکرێت
 
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە رووداوی راگەیاند: "بە هیچ جۆرێک نابێت لە هیچ بازگە، دەروازە و فڕۆکەخانەیەک ئاستەنگ بۆ دەنگدەرانی ناوچە کێشەلەسەرەکان دروستبکرێت، بەڵکو هاتووچۆ لە رۆژانی ئاسایی ئاسانتر دەکرێت، ئەمەش لە چوارچێوەی ئاسانکارییە بۆیان، تاوەکو بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان بۆ دەنگدان."
 
ئومێد خۆشناو دەڵێ: "ژمارەیەکی زۆر دەنگدەر و ماڵباتی خەڵکی ناوچە کوردستانییەکان لە سنووری هەولێر نیشتەجێن.''
 
یەکێتی: تێچووی گواستنەوەی ئاوارەکان لە ئەستۆ دەگرین
 
هەرێم کەمال ئاغا، سەرلیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەولێر و سەرۆکی فراکسیۆنی حیزبەکە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە رووداوی راگەیاند: "ماوەیەکە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تیمی تایبەتی ناردووە بۆ ناوچە کێشەلەسەرەکان، تاوەکو داتا و ئامار لەبارەی ژمارەیان وەربگیرێت، بۆ ئەوانەی دەیانەوێت دەنگ بدەن، ئامادەکاری و ئاسانکاری بۆ خەڵک دەکرێت."
 
هەرێم کەمال ئاغا دەڵێ: "ئۆتۆمبێلی گواستنەوە بۆ ئەو کەسانە دابین دەکەین دەگەڕێنەوە ناوچە کێشەلەسەرەکان بۆ دەنگدان، ئەگەر ئۆتۆمبێلی خۆیشیان هەبێت، تێچووی هاتووچۆیان بۆ دابین دەکەین."
 
بەپێی زانیارییەکانی بەرپرسانی کەرکووک، تەنیا لەو پارێزگایە نزیکەی 100 هەزار کەس روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و نەگەڕاونەتەوە و دەبێت رۆژی دەنگدان بگەڕێنەوە پارێزگاکەیان بۆ ئەوەی دەنگ بدەن.
 
پارتی: 150 هەزار دینار دەداتە هەر خێزانێکی ئاوارە
 
پارتی دیموکراتی کوردستانیش لە کەرکووک داوای بەشداری کارای خەڵک دەکات لە دەنگدان، خەرجی هاتووچۆی ئەو دەنگدەرانەی کەرکووکیش لە ئەستۆ دەگرێت کە رۆژی دەنگدان دەگەڕێنەوە پارێزگاکەیان.
 
رووداو زانیویەتی بڕی 150 هەزار دینار وەکو تێچووی گواستنەوە دەدرێتە هەر خێزانێکی کەرکووک کە لەرۆژی دەنگداندا دەگەڕێتەوە شارەکەی و دەنگ دەدات، ئەمەش لە چوارچێوەی کارئاسانییە بۆ ئەو کەسانەی لە ناوچەکانی خۆیان دەنگ دەدەن.
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، نزیکەی 15 هەزار ماڵباتی ناوچە کێشەلەسەرەکان لە سنووری پارێزگای هەولێر و ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و زاخۆ نیشتەجێن.