حیزب و بەربژێران ئاگادارکراونەتەوە؛ 'گوتاری رق و کینە لە بانگەشە سزای لەسەرە'
رووداو دیجیتاڵ
ماوەی سێ هەفتەیە بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکردووە. گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، چاودێریی دەزگاکانی راگەیاندن دەکەن و "نابێت گوتاری رق و کینە بڵاوبکەنەوە و دەروونی خەڵک تێک بدەن."
رۆژی 03-10-2025، بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەستیپێکرد. لیست، هاوپەیمانییەتییەکان و بەربژێرە سەربەخۆکان دەستیان بە بانگەشە کردووە و هەوڵی کۆکردنەوەی دەنگ دەدەن. هەموو سەرۆکی حیزب و بەربژێرەکان رۆژانە لە کۆنفرانسە جەماوەرییەکاندا گوتاریان هەیە.
رۆژی سیشەممە ، 28ـی تشرینی یەکەمی 2025، نامیق هەورامی، گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەم هەڵبژاردنە زۆر بە ئارامی و دیموکراسی بەڕێوەدەچێت، هەم لەلایەن دەزگاکانی راگەیاندن و هەمیش حیزبەکانەوە. هەمووان پێداگرن لەسەر ئەوەی نموونەیەکی جوانی کورد لە سیاسەتدا بە دنیا نیشان بدەن. دەتوانین یەک نەبین، بەڵام با دژی یەکیش نەبین. دەزگاکانی راگەیاندن نەگەنە ئاستی یەکترشکاندن و دەستبردن بۆ پیرۆزییە کەسییەکانی یەکتر."
بە گوتەی نامیق هەورامی، هەر کەناڵ و دەزگایەکی میدیایی ببێتە سەکۆی بڵاوکردنەوەی گوتاری رق و کینە، زمانی زبر، ناوزڕاندن و تۆمەت بەخشینەوە، رێکاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری باسی لەوەشکرد، بانگەشەی خراپ دەبێتە هۆی تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و دەروونیی هاووڵاتیان و بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەڕاوکێ.
بڕیارە رۆژی 11-11-2025، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، کە تێیدا زیاتر لە 7 هەزار بەربژێر رکابەری لەسەر 329 کورسیی پەرلەمان دەکەن.