دابەزینی نرخی زێڕ جووڵەی خستووەتە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
بە بیستنی هەواڵی دابەزینی نرخی زێڕ، بەپەلە خۆی گەیاندە بازاڕ و بەشێک لە زێڕەکانی فرۆشت، جوان ئەحمەد، کە مامۆستایەکی خانەنشینە، ساڵی پار بە هیواى قازانجکردن و بۆ کاتی پێویستی، پارەکەی کردبوو بە زێڕ، بەڵام ئێستا ترسی لە دابەزینی زیاتری نرخەکەی ناچارى کردووە بەشێک لە پاشەکەوتەکەی بفرۆشێت.
لە بازاڕی زێڕنگرانی هەولێر، جموجۆڵێکی بەرچاو بەدی دەکرێت و زۆربەی سەردانکەران بۆ فرۆشتنی زێڕەکانیان هاتوون. وەک وریا مەلا یاسین، کە زێڕنگرە، ئاماژەی پێدا: "سەردانی هەر دووکانێک بکەیت، دوو بۆ سێ کەس دەبینیت کە خەریکی فرۆشتنی زێڕەکانیانن."
بەپێی ئامارەکان، لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا 20 تۆن زێڕ هاوردەی هەرێمی کوردستان کراوە، کە لەو بڕە 10 تۆنی لە بازاڕەکانی کوردستان کڕین و فرۆشتنی پێوە کراوە.
حاجی هەژار قادر، خاوەنی کۆمپانیایەکی هاوردەکردنی زێڕ، وردەکاریی زیانەکانی ئەو کەسانە روون دەکاتەوە کە لەم دواییانەدا زێڕیان کڕیوە پێی نرخی رۆژ چەند زەرەرمەند بوون و چەندیان قازانجیان کردووە.
نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 21، کە پێشتر گەیشتبووە نزیکەی 900 هەزار دینار، ئێستا بۆ 785 هەزار دینار دابەزیوە. زێڕنگران لێکنزیکبوونەوەی ئابووریی ئەمریکا و چین بە هۆکاری سەرەکیی ئەم دابەزینە دادەنێن.
لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا، زێڕ بە رێژەی 18% بەهای خۆی لەدەستداوە. زێڕنگران پێشبینی دەکەن کە ئەم شەپۆلی دابەزینە بەردەوام بێت، تاوەکو نرخی یەک مسقاڵ زێڕ دەگاتە نزیکەی 700 هەزار دینار.