تۆمەتبارە سەرەكییەكەی كەیسی مەلا هۆشیار كۆنە ئیسلامییە
هیڤیدار ئەحمەد و مەحموود یاسین كوردی
رووداو- هەولێر
تۆمەتبارە سەرەكییەكەی كەیسی مەلا هۆشیار پێشتر سەلەفی بووە و پەیوەندی بە حیزبێكی ئیسلامییەوە هەبووە، بەڵام دواتر وازی هێناوە، ماوەیەك پێش ئێستاش بەهۆی ئەوەی نارنجۆكێكی لەدەست تەقیوەتەوە، برینداربووە.
كاژێر 10:30 خولەكی شەوی 22/11/2016 كەسێك لە دەرگای ماڵی د.هۆشیار ئیسماعیل دەدات. دوای ئەوەی د.هۆشیار دەرگا دەكاتەوە، كەسەكە سێ گوللەی پێوەدەنێ، دوو لە گوللەكان بەر د.هۆشیار دەكەون و بریندار دەكرێ، دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە، گیانی دەردەچێ.
ماوەی چەند رۆژێكە پرسیاری هەركەس ئەمەیە: ئەو مامۆستایە چۆن و بۆچی كوژرا؟
هەر دوای تیرۆركردنی ئەو مامۆستا ئاینییە، دەزگا ئەمنییەكان دەستیان بە لێكۆڵینەوە كرد. بەپێی زانیارییەكانی (رووداو) لێكۆڵینەوەكە لە بازنەیەكی بەرتەسكدا بەڕێوەدەچێ، تاوەكو دزە بە زانیارییەكان نەكرێ و بە زووترین كات ئەوانەی لە پشت ئەو رووداوەن ئاشكرا ببن.
بكوژی د.هۆشیار گەنجێكی تەمەن 25 ساڵە بەناوی (م. ع. و)، خێزاندارە و دوو منداڵی هەیە. سەرچاوەیەكی ئاگادار لە رەوتی لێكۆڵینەوەكان لە كوشتنی د.هۆشیار ئیسماعیل، هەندێك زانیاریی گرنگی بۆ (رووداو) ئاشكرا كرد و بەپێی ئەو زانیارییانە، (م. ع. و) كە بكوژی سەرەكیی مامۆستا هۆشیار ئیسماعیلە، پێش ماوەیەك بە هۆكارێكی نادیار بریندار بووە.
بەپێی زانیارییەكانی (رووداو) بكوژەكە نارنجۆكێكی لە دەست تەقیوەتەوە، بكوژەكە پێشتر سەلەفی بووە و پەیوەندی بە حیزبێكی ئیسلامییەوە هەبووە، بەڵام دواتر وازی هێناوە.