بازاڕی ئۆنلاین لە کوردستان لە هەینیی رەشدا زیاددەبێت
رووداو- هەولێر
بەهۆی ئەوەی لە رۆژی هەینیی رەشدا لە وڵاتانی جیهاندا داشکاندنی گەورە لە نرخی کاڵاکاندا دەکرێت، کڕیارانی کوردیش هەوڵدەدەن لەو رۆژەدا کاڵاکانیان لە رێگەی بازاڕی ئۆنلاینەوە بکڕن، ئەوەش لە هەرێمی کوردستاندا کاریگەریی لەسەر گەرموگوڕیی ئەو بازاڕە هەیە.
دوایین هەینیی ساڵ لە ئەمریکا پێی دەگوترێت "هەینیی رەش" کە تەنیا رۆژێک لەدوای جەژنی سوپاسگوزارییەوە دێت. سەرجەم کۆمپانیاکان لە ئەمریکا لەو رۆژەدا داشکاندنی گەورە لە نرخی کاڵاکانیاندا دەکەن. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کڕین لە رێگەی بازاڕی ئۆنلاینەوە داخوازیی زیاتری لەسەر بێت.
هەینیی رەش بۆنەیەکی تایبەتی ئەمریکای باشوورە کە بە وڵاتانی جیهاندا بڵاوبووەتەوە. ئامانج لێی رەخساندنی کڕینی زیاتر و هەرزانکردنی نرخی کاڵاکانە بۆ کڕیار، بەڵام بۆ ساخکردنەوەی کاڵایش دەبێتە هەلێکی باش.
بۆمبێنە لە هەرێمی کوردستاندا یەکەم کۆمپانیای بازرگانیی ئۆنلاینە. بەراورد بە ساڵی رابردوو، بازاڕەکەیان بە رێژەی 15٪ زیادیکردووە. رۆژانە زیاتر لە 200 داواکارییان بۆ دێت لەکاتێکدا تێبینیدەکەن بە تەنیا لە رۆژی هەینیی رەشدا چوار ئەوەندە زیاد بکات.
نەجم خورشید نەجم، بەڕێوەبەری کۆمپانیای بۆمبێنە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لە رۆژانی ئاساییدا نزیکەی 50 بۆ 60 داواکاریمان بۆ دێت، بەڵام لە هەینیی رەشدا نزیکەی 200 بۆ 250 داواکاریمان بۆ دێت".
د. محەممەد تەها کە پزیشکێکە و خۆی ئامادەکردووە لە رێگەی بازاڕی ئۆنلاینەوە دوو ئامێری پشکنینی خوێن بکڕێت، ئاماژە بەوە دەکات "هەینیی رەش دەرفەتێکی زۆر گرنگە بۆ ئەوەی بتوانین ئەو شتانە بکڕین کە پێویستمانن. بەتایبەتی کە ئەم جۆرە کۆمپانیایانەی بازاڕی ئینتەرنێتیمان لە هەرێمی کوردستاندا هەیە".
لە ساڵی 2005ـەوە بازاڕە ئینتەرنێتییەکان دەستیان بەسەر بازاڕی هەینیی رەشدا گرتووە. لە جیهاندا تەنیا لە هەینیی رەشی ساڵی 2018دا بە بڕی شەش ملیار و 220 ملیۆن دۆلار کڕین و فرۆشتنی ئۆنلاین کراوە. لە هەرێمی کوردستان سێ کۆمپانیای کوردیی بازاڕی ئۆنلاین هەن. لاوازیی سیستەمی بانکی وایکردووە بازرگانیی ئۆنلاین لاوازبێت.
د. ئەرشەد تەها، سەرۆکی زانکۆی چیک لە هەولێر رایگەیاند "بەداخەوە لە هەرێمی کوردستان بەهۆی خراپی ئینتەرنێت و کەمیی رێژەی بەکارهێنەرانیەوە کە لە باشترین دۆخیدا لە 30% تێناپەڕێنێت و خەڵکێکی زۆر، بەتایبەتی بەتەمەنەکان ناتوانن ئینتەرنێت بەکاربهێنن و خراپیی سیستەمی بانکی و نەبەستنەوەیان بە بازاڕی جیهانییەوە، وایکردووە خەڵک نەتوانن بەئاسانی کڕین و فرۆشتنی ئۆنلاین بکەن".
لەبەرامبەر داشکاندنی هەینیی رەشی ئەمریکادا، لە هەرێمی کوردستانیش هەندێک کۆمپانیا و بازاڕ بۆ بازاڕگەرمیی زیاتر و فرۆشی خێراتر، خزمەتگوزاریی جیاوازی وەک "دوو بکڕە و سێ بەدیاری وەربگرە"، داشکاندن یان بەخشینی دیارییان لەبەرامبەر بڕە کڕینێکی دیاریکراودا داناوە.
کۆمپانیای ئەمازۆن یەکەم کۆمپانیای بازاڕی ئۆنلاینە لە جیهاندا کە ساڵی 1994 دامەزراوە. ئێستا نرخەکەی بە ترێلیۆنێک دۆلار دەخەمڵێنرێت، کۆمپانیای عەلی بابای چینیش کە لە ساڵی 1999دا دامەزراوە، نرخەکەی بە نیو ترێلیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت.