تاهیری خەلیلی لە تەمەنی 67 ساڵی کۆچی دوایی کرد
رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەندی ناسراوی کورد، تاهیری خەلیلی، لە تەمەنی 67 ساڵی کۆچی دوایی کرد.
رۆژی 26-11-2023، هونەرمەندی کوردی خەڵکی بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە زیاتر لە 30 ساڵە لە سلێمانی نیشتەجێیە، لەنێو ماڵەکەی خۆی لەگەڕەکی راپەڕین کۆچی دوایی کرد.
پزیشکانی پەیمانگای دادپزیشکی بە کەسووکارەکەیان گوتووە، بە جەڵتەی مێشک گیانی لەدەستداوە.
عەبدوڵا محەممەد، زیاتر لە 40 ساڵە هاوڕێی تاهیرە و بە رووداوی گوت، "تاهیر پێشتر نەشتەرگەری کردنەوەی سینگ و باڵۆنی بۆ کراوە و چەوری خوێنی زۆربووە بەڵام تەندروستی باش بووە، ئەمڕۆ کاژێر 7ـی بەیانیش هەستابوو، کەچی دواتر پاڵکەوتبووەوە و جەڵتە لێیدابوو و کۆچی دوایی کرد".
جەزای ساز، سەرۆکی کۆمەڵەی هونەری میللی سلێمانی بە رووداوی گوت، "تاهیری خەلیلی هونەرمەندێکی گەورەیە و هەموومان قەرزاری هونەرەکەی ئەوین، بەداخەوەین بۆ کۆچی دوایی ئەو هونەرمەندە، چاوەڕێی گەڕانەوەی برا و منداڵەکانی دەکەین لە دەرەوەی وڵات و دواتر هەر لە سلێمانی لە مەراسیمێکی پڕ شکۆدا بەخاکی دەسپێرین".
تاهیری خەلیلی یەکەم بەرهەمی لە تەمەنی 15 ساڵی تۆمارکردووە و دواتر بەهۆی گۆرانی نیشتیمانی و چالاکی سیاسییەوە رۆژهەڵاتی کوردستانی جێهێشتووە بەرەو چیاکانی کوردستان و لە ریزەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان خەباتی کردووە.
لە ماوەی مانەوەیدا لە هەرێمی کوردستان و ئەوروپا نزیکەی 50 گۆرانی بۆ نیشتمان و سروشت و چیاکانی کوردستان گوتووە و ناسراوترین گۆرانیشی ئەوەیە کە دەڵێت، "لە قەندیلی سەربەرزەوە وڵامت بۆ دەنێرمەوە".
تاهیری خەلیلی پێنج منداڵ و هاوژینێکی هەبووە و بڕیاربووە کاژێر 1ـی بەرەبەیانی رۆژی 27-11-2023، بۆ چارەسەری پزیشکیی و سەردانی کۆمەڵایەتی بچێتەوە نەرویج بۆ لای منداڵەکانی، بەڵام نەخۆشییەکەی رێگەی پێنەدا.