سەباح نوعمان بۆ رووداو: لە 72 کاژێردا ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر دەردەکەوێت

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە رووداوی هێرشکردنە سەر کێڵگەی کۆرمۆر، لیژنەیەکی تەکنیکیی تایبەت بەشدارە و سەردانی شوێنی هێرشەکەش کراوە.
 
هەینی 28ى تشرینی دووەمی 2025 سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: لیژنەیەک بە سەرۆکایەتیی عەبدولئەمیر شەممەری و بە ئەندامێتیی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری و وەزیری ناوخۆی هەرێمى کوردستان و بە پاڵپشتى هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، لێکۆڵینەوە لە رووداوی هێرشکردنە سەر کێڵگەی کۆرمۆر دەکەن.
 
دەشڵێت، هەروەها لیژنەیەکی تەکنیکیش کە لایەنە تایبەتمەندەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان تێیدا بەشدارن، لێکۆڵینەوە لەو رووداوە دەکەن.
 
سەباح نوعمان رایگەیاند، لێکۆڵینەوەی ئەو لیژنەیە لەبارەی ئەو هێرشە و ئاشکراکردنی ئەو کەسانەیە کە تێوەگلاون، لەگەڵ ئەو لایەنانەی کە پاڵپشتییان دەکەن، بۆ ئەوەی بەگوێرەی یاسا لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکرێت.
 
ئەو لیژنەی لێکۆڵینەوەیە 27ى تشرینی دووەمی 2025 لەلایەن محەممەد شیاع سوودانى، فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکان لە بارەی هێرشەکەی کۆرمۆر پێکهێنرا، ئەمڕۆ هەینی لیژنەکە سەردانی شوێنی هێرشەکەیان کرد.
 
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، لیژنەکە سەردانی مەیدانی بۆ کێڵگەکە دەکات و لە ماوەی 72 کاژێردا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەردەکەوێت.
 
شەوی چوارشەممە 26ى تشرینی دووەمی 2025 هێرش کرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ و بەهۆیەوە ئاگر لە کۆگایەکی گەورەی کێڵگەکە کەوتەوە، لە ئەنجامدا 80% کارەبای هەرێمی کوردستان کەم بووەوە.