هاوپەیمانیی نەسر: هێرشەکەی سەر کۆرمۆر دەستدرێژییەکی مەترسیدارە

 
رووداو دیجیتاڵ

هاوپەیمانیی نەسر کە حەیدەر عەبادی سەرۆکایەتی دەکات، سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکات و بە "دەستدرێژییەکی مەترسیدار" بۆ سەر ئاسایشی عێراق و سەقامگیریی ئابوورییەکەی ناوی دەبات.
 
لە راگەیێندراوێکدا ئەمڕۆ هەینی، هاوپەیمانیی نەسر رایگەیاند، بە تووندی سەرکۆنەی هێرشی سەر کێڵگەی کۆرمۆر دەکات کە "دەستدرێژییەکی مەترسیدارە بۆ سەر ئاسایشی عێراق و سەقامگیریی ئابوورییەکەی و بەرژەوەندیی هاووڵاتییەکانی."
 
هاوپەیمانێتییەکە داوا لە حکومەت دەکات، "رێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ پاراستنی دامەزراوە ستراتیژییەکان و دڵنیابوونەوە لە دووبارەنەبوونەوەی، بە شێوەیەک کە ئاسایشی عێراق بپارێزێت و پارێزگاری لە بەرژەوەندییە باڵا نیشتمانییەکانی بکات."
 
شەوی چوارشەممە 26ى تشرینی دووەمی 2025 هێرش کرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ و بەهۆیەوە ئاگر لە کۆگایەکی گەورەی کێڵگەکە کەوتەوە، لە ئەنجامدا 80% کارەبای هەرێمی کوردستان کەم بووەوە.
 
ئەمڕۆ، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لیژنەیەک بە سەرۆکایەتیی عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق  بە ئەندامێتیی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری و وەزیری ناوخۆی هەرێمى کوردستان و بە پاڵپشتى هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، لێکۆڵینەوە لە رووداوی هێرشکردنە سەر کێڵگەی کۆرمۆر دەکەن."
 
سەر لە بەیانی رۆژی هەینی لیژنەکە گەیشتە کێڵگەی کۆرمۆر و دەستی بە کارەکانی کرد. سەباح نوعمان رایگەیاند، ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە بارەی هێرشەکە لە ماوەی 72 کاژێردا دەردەکەوێت.