کەسێک لە دهۆک سناپچات بەناوی بانگخوازێکەوە دادەنێت و ئافرەتان هەڵدەخەڵەتێنێت
رووداو دیجیتاڵ
لە دهۆک کەسێک بە ناوی بانگخوازێکەوە سناپچاتی داناوە و کچ و ژنی هەڵخەڵەتاندووە و وێنەیانی لای خۆی هەڵگرتووە. دواتر هەڕەشەی ئابڕووبردنیانی کردووە و لە بەرامبەردا داوای کارتی مۆبایل و پارەی لێکردوون.
بە گوێرەی بەدواداچوونی رووداو دەرکەوت ئەو کەسە 10 رۆژە ئەو هەژمارەی داناوە و، تاوەکو ئێستا شەش کەس سکاڵایان لەسەر ئەو هەژمارەی سناپچات تۆمارکردووە.
یەکێک لەو کەسانەی کە خێزانەکەی لە رێگەی ئەو هەژمارەی سناپچاتەوە هەڕەشەی لێکرابوو، نەیویست ناویان ئاشکرا بکرێت و گوتی: "ئەو کەسە ئەو هەژمارەی بەناوی ئەو بانگخوازەوە داناوە، وێنەی خەڵکی بڵاودەکاتەوە و دەڵێت کارتم بۆ بنێرن. گوتوویەتی: 'ئەگەر چوار کارتم بۆ نەنێری، وێنەکانت لە ئینستاگرام بڵاودەکەمەوە.' ئیتر چووینە بنکەی پۆلیس و سکاڵامان لێکرد."
سناپەکە بە ناوی عەبدولڕەحیم بەربوهارییەوە دروست کراوە کە بانگخوازێکی دهۆکە و دەیەوێت دوای کرانەوەی دەوام سکاڵا تۆمار بکات. هێشتا نازانێت ئەو کەسە کێیە کە بە ناوی ئەوەوە سناپی داناوە و ڤیدیۆی ئەو بڵاودەکاتەوە.
عهبدولڕهحیم بهربوهاری، ئەو بانگخوازەی بە ناوی ئەوەوە سناپچاتەکە دانراوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێستا من هەر بابەتێکم دابنێم، ئەو خێرا دەیبات و دایدەنێت. گەلێک خەڵکی لێ کۆبوونەتەوە. ئەو لەو رێگەوە گێچەڵ بە کچ و ژنان دەکات."
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای دهۆک بەداواداچوون بۆ ئەو کەسە دەکات و هێشتا نازانرێت کێیە.
پێشتر چەند تۆمەتباری لەو جۆرە دەستگیر کراون و بە گوێرەی یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی سزادراون.
موقهدهم هێمن سلێمان، گوتهبێژی پولیسی پارێزگهی دهۆك دەڵێت: "لەم چەند رۆژەدا ژمارەیەکی زۆری کچ و ژن تووشی ئەو گرفتە بوون. داواکارین خەڵکەکەمان هاوکارمان بن تاوەکو بتوانین ئەو کەسە دەستگیر بکەین."
بە گوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پاریزگای دهۆک ئەمساڵ لە پارێزگای دهۆک لەسەر خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی 536 سکاڵا تۆمارکراون. پار 479 سکاڵا تۆمارکرابوون کە رێژەکە 10.6٪ زیاد بووە.