ڤیدیۆ؛ لە کەرکووک هێرشکرایە سەر دوو پۆلیس و یەکێکیان کوژرا
رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی تەقەکردندا نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە کەرکووک پۆلیسێکی چالاکییە مەدەنییەکان کوژرا، بەپێی ئەو ڤیدیۆیەی دەست رووداو کەوتووە، کەسێک دەچێتە پشت سەری پۆلیسەکە و گولـلەیەک بە سەرییەوە دەنێت و هەڵدێت.
هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو لە کەرکووک لە شوێنی رووداوەکەوە رایگەیاند، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 28-12-2023) "لەکاتێکدا دوو پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان لێرە لەنێو بازاڕی لەنگە بوون، لەلایەن دوو کەسی چەکدارەوە تەقەیان لێکراوە و دەستبەجێ یەکێکیان لەو شوێنە گیانی لەدەستداوە."
لە کامێرای چاودێرییەوە ڤیدیۆی ساتی رووداوەکە تۆمارکراوە، تێیدا کەسێک کاژێر 11:16 خولەکی پێشنیوەڕۆ لە پشتەوە گولـلە لە سەری یەکێک لە پۆلیسەکان دەدات و پۆلیسەکە دەکەوێتە سەر زەوی، دواتر تەقە لە پۆلیسەکەی دیکەش دەکات و شوێنی رووداوەکە جێدەهێڵێت، خەڵک تووشی پەشۆکان دەبن و بەرەو هەموو شوێنێک رادەکەن و خۆیانی لێ دوور دەخەنەوە.
لیوا کاوە غەریب، بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرکووک لە وەڵامی پەیامنێری رووداو گوتی، "وەک بەچاوی خۆتان بینیتان، دوو پۆلیس کە لەژێر پاراستنی یاسادان، بۆ پێداویستیی خۆیان هاتوونەتە نێو بازاڕەکە، کەسێک لە پشتەوە تەقە دەکات و دەیکوژێت."
بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرکووک هەروەها گوتی، لێکۆڵینەوە دەکەن بۆ ئەوەی بزانن هۆکاری تاوانەکە چییە و "دوای ئەوە، خۆمان ئاگادارتان دەکەینەوە."
لەبارەی دۆخی بریندارەکانیش، رایگەیاند، "لەخوا بەزیاد بێت دۆخی زۆر باشە."
بەگوتەی شایەتحاڵان، جگە لە کوژرانی ئەو پۆلیسەی چالاکییە مەدەنییەکان، سێ کەسی دیکەش کە یەکێکیان ژنێک بووە، بریندار بوون.
شایەتحاڵێکی رووداوەکە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، "[تەقەکەرەکان] دوو گەنج بوون، هەردووکیان کورد بوون، پۆلیسێکیان لێرە کوشت، ژن و پیاوێکی دیکەش بریندار بوون."
سەبارەت بە چۆنییەتی رووداوەکە، شایەتحاڵەکە گوتی، "دەمەقاڵێ لەنێوانیان رووینەدا یەکسەر لێیدا، لە سەری دا، کە پۆلیسەکە کەوت، ئیدی ژنێک و دواتر پیاوێکی دیکەش بریندار بوون."
ئەو کەسانەی تەقەیان کردووە بەپێی گوتەکانی شایەتحاڵەکە، کە شوێنی رووداوەکە تەنیا چەند مەترێک لە دووکانەکەیەوە دوورە، رووخساریان نەشاردووەتەوە و دەموچاویان دیار بووە کە گەنج بوون، بەڵام لە ڤیدیۆی رووداوەکە دەردەکەوێت، تەقەکەرەکە نیوەی رووخساری پێچاوە. شایەتحاڵەکە دەڵێت، "ئەوەی دیکە بە بکوژەکەی دەگوت، زووبە، بەپەلە بە، بۆ وەستاویت."