بەفر هاتووچۆی نێوان ئیدارەی سۆران و راپەڕینی پەکخستووە
رووداو دیجیتاڵ
شەپۆلێکی بەفر و باران ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و پێشبینی دەکرێت بۆ ماوەی هەفتەیەک بەردەوام بێت. جگە لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی کێلێ و حاجی ئۆمەران، بەفر رێگەی زینی وەرتێشی داخستووە.
ئەندام جەبار، پەیامنێری رووداو چووەتە سەر رێگەی زینی وەرتێ، هەرچەندە رۆژی رابردوو تیمەکانی شارەوانی رێگەکەیان پاککردبووەوە، بەڵام ئەمشەو بڕێکی باش بەفر باریوە و جارێکی دیکە رێگەکە داخراوە.
کردنەوەی رێگەکە لە توانای تیمەکانی شارەوانی نییە و فریای ناکەون. پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوە کرد، لە هەندێک شوێنی بەرزی زینی وەرتێ، زیاتر لە مەترێک بەفرباریوە.
جگە لە بەفر، مەترسی لەسەر شۆفێران لە رێگەی هامڵتۆن لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران هەیە بەهۆی داڕمانی شاخەکان و بەربوونەوەی لەناکاوی گاشەبەردەکان.
شەپۆلەکە بەهۆی کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای نێوەڕاست دروستبووە و ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە.
پێشبینییەکانی چەند رۆژی داهاتوو
سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ شەپۆلەکە بەرفراوان دەبێت؛ لە هەموو ناوچەکانی کوردستان باران دەبارێت و ناوچە شاخاوییەکان و ئەو شارۆچکانەی لە ئاستی رووی دەریاوە بەرزن، سپیپۆش دەبن، لەوانەش: (شیلادزێ، ئامێدی، بامەڕنی، بارزان، مێرگەسۆر، قەرەداخ، پێنجوێن، پیرەمەگروون و ماوەت)."
ئەو شارەزایە هۆشداری دەدات لە نیوەڕۆی دووشەممەوە تاوەکو شەوەکەی، پێشبینی زۆرترین بڕی بەفر دەکرێت، نەک تەنیا لە شاخەکان، بەڵکو لە سەنتەری هەندێک شاریش، پلەکانی گەرماش بە تەواوی دادەبەزن و ئەگەری بەستن و شەختە هەیە. باران و بەفرەکەش تاوەکو رۆژی پێنجشەممە بەردەوام دەبێت.
لە دەروازەی کێلێ نیو مەتر بەفرباریوە
لە سنووری قەزای پشدەر لە ئیدارەی راپەڕینیش لە دوێنێوە شەپۆلی بەفربارین گرتوویەتییەوە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە نیو مەتر بەفر باریوە، بۆیە هاتووچۆ لە دەروازەکە راگیراوە.
لە سنووری قەزای پشدەر لە ئیدارەی راپەڕینیش لە دوێنێوە شەپۆلی بەفربارین گرتوویەتییەوە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە نیو مەتر بەفر باریوە، بۆیە هاتووچۆ لە دەروازەکە راگیراوە.