ئەو کەسانەی ئەم ساڵ بە فڕۆکە چوونە حەج و بە پاس گەڕانەوە، قەرەبوو دەکرێنەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە رێوڕەسمەکانی حەجی ئەم ساڵدا، ژمارەیەک هاونیشتمانی هەرێمی کوردستان بەهۆی جەنگی ئێران و ئیسرائیل و داخستنی گەشتە ئاسمانییەکانەوە، هەرچەندە پارەی گەشتی ئاسمانییان دابوو، ناچاربوون بە پاس بگەڕێنەوە. گوتەبێژی حەج و عومرە دەڵێت، "یەکی 80 هەزار دینار قەرەبوو دەکرێنەوە".
کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "حەج و عومرەی عێراق ئاگاداری کردینەوە، کە 3 هەزار و 443 حاجی هەرێمی کوردستان قەرەبووەکە دەیانگرێتەوە".
بۆ رێوڕەسمەکانی حەجی ساڵی 2025، هەر هاونیشتمانییەک بە ئاسمانی گەشتی کردبێ 7 ملیۆن دیناری لێوەرگیراوە و ئەوانەشی بە وشکانی گەشتیان کرد 5 ملیۆن و 500 هەزار دینار، ئێستا هەریەکەیان بە تەنیا 80 هەزار دینار قەرەبوو دەکرێنەوە لەبەرامبەر گۆڕینی یەک سەری گەشتەکەیان بۆ وشکانی.
کاروان ستوونی گوتی: "ئەو لیژنەیەی عێراق کە خەمڵاندنی بۆ بڕی پارەکە کردووە ئەندامی ئێمەی تێدا نەبووە و خۆیان ئەو بڕەیان دیاری کردووە".
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرە گوتی: "وەرگرتنی پارەکە دەکەوێتە ساڵی نوێ، هەروەها هەوڵ دەدەین دابەشکردنە بەشێوەیەک بێ نزیک بێت لە شوێنی دانیشتنی حاجیانەوە، بۆ ئەوەی بۆ ئەو بڕە پارەیە ناچار نەبن رێگەی دوور ببڕن".
16ـی ئایاری 2025، یەکەم کاروانی زیارەتکارانی رێوڕەسمەکانی حەج لە هەرێمی کوردستانەوە لە رێگەی وشکانییەوە بەرەو سعودیە بەڕێکەوتن و یەکەم گەشتی ئاسمانییش 19ـی هەمان مانگ بەرەو ئەو وڵاتە بەڕێکەوت، بەهۆی جەنگی ئێران و ئیسرائیلەوە لە مانگی حوزەیراندا، زۆرینەیان ناچاربوون بە رێگەی وشکانی بگەڕێنەوە.