زاخۆ.. لەژێر شۆڤڵێکدا تەقینەوە روویدا و دوو کەس بریندار بوون

رووداو دیجیتاڵ
 
بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی زاخۆ دەڵێ، لە گوندێکی باتیفای سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە پارێزگای دهۆک تەقینەوەیەک روویدا و دوو کەس بریندار بوون. سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین دەڵێ: "بۆمب بووە".
 
رۆژی یەکشەممە، 28ـی کانوونی یەکەمی 2025، ئەمیر عەلی، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی زاخۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە گوندی سیار ستەورێ لە سنووری باتیفا، تەقینەوەیەک لەژێر شۆڤڵێکدا روویدا و بەهۆیەوە دوو کەس بریندار بوون."
 
بە گوتەی ئەمیر عەلی، دۆخی تەندروستیی بریندارەکان جێگیرە و لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی زاخۆن.
 
بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی زاخۆ گوتی: "شۆفێرەکە کە تەمەنی 31 ساڵە بریندار بووە، لەگەڵ گەشتیارێکی خەڵکی زاخۆ کە بۆ بەفر چووەتە ئەوێ، ئەویش بریندار بووە و تەمەنی 27 ساڵە."
 
جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "رووداوەکە لە نزیک خاڵی سنووریی زاخۆ روویداوە، لە کاتی راماڵینی رێگەکە لە بەفر بۆمبێک بە شۆڤڵێکدا تەقیوەتەوە و دوو کەس بریندار بوون."
 
سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین گوتیشی، "هێشتا نازانرێت ئەو بۆمبە تازە دانراوە، یاخود لەگەڵ بەفر و باران هاتووەتە خوارەوە."