بەفر چەند رێگەیەکی داخستووە و داوا دەکرێت گەشتیاران ئاگاداربن


رووداو دیجیتاڵ 

ئیدارەی سەربەخۆی سۆران یەکێکە لەو ناوچانەی لە شەوی هەینییەوە تاوەکو ئەمڕۆ زۆرترین بەفری تێدا باریوە و لە هەندێک شوێن دەگاتە نیو مەتر، سەرپەرشتیاری ئیدارەکەش داوا دەکات، کەس بۆ نێو بەفر نەچێتە چیاکان و ژیانی خۆی نەخاتە مەترسییەوە.
 
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەهۆی بەفربارینی زۆرەوە رێگەی زینی وەرتێ بە تەواوی داخراوە، رێگەکانی دیکەش ئاستەنگیی هاتووچۆیان بۆ دروستبووە".
 
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی: "رێگەکانی مێرگەسۆر و هەموو ناوچەکانی دیکەی سنوورەکەمان بەفریان لێباریوە، داوا لە هاونیشتمانییان دەکەین تاوەکو بتوانن رێگەکان بەکارنەهێنن و ژیانی خۆیان نەخەنە مەترسییەوە".
 
هەڵگورد شێخ نەجیب داوای لە هەموو هاونیشتمانیان کرد، "هیچ کەسێک بۆ نیو بەفر سەردانی ناوچە شاخاوییەکان نەکات و ژیانی خۆی نەخاتە مەترسییەوە، تیمەکان سەرقاڵی خاوێنکردنەوەی رێگەکەن و ئەگەر گەشتیاران بچن تووشی ئاستەنگی دەبن و تیمەکانیش بەخۆیانەوە سەرقاڵ دەکەن".

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی: "ئۆتۆمبێلەکانی هەرێمی کوردستان زۆرینەیان بۆ رێگەی بەفر شیاو نین، تایەکانیان شیاو نییە، رێگەکانیش مەترسیدارن و دەبێ هاونیشتمانیان هۆشیاربن".

هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، شۆڕش حەسەن، بەڕێوەبەری ناحیەی وەرتێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە سنووی ئێمەوە تاوەکو سنووی ئیدارەی راپەڕین بەفرێکی زۆر باریوە، لە هەندێک شوێن زیاتر لە نیو مەتر و بەهۆیەوە رێگەی زینی وەرتێ بە تەواوی داخراوە".
 
شۆڕش حەسەن گوتی: "تیمەکان سەرقاڵی پاککردنەوەی رێگەکانن، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی بەفربارینەوە نەتوانراوە رێگەکە بکرێتەوە".
 
رێگەی دەروازەی کێلێ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێراندا بەهۆی بەفربارینەوە داخراوە.
 
عەباس عەزیز باپیر، بەڕێوەبەری گومرگی ئیدارەی راپەڕین، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هاتووچۆ لە رێگەی دەروازەی کێلێ بەتەواوی داخراوە، بەفری زیاتر لە دیوی ئێرانەوە باریوەو رێگەکەی گرتووە".
 
بەڕێوەبەری گومرگی راپەڕین گوتی: "شەوی رابردوو تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ تیمەکان سەرقاڵی کردنەوەی رێگەی کێلێ بوون، بەڵام تاوەکو ئێستا بەهۆی زۆری بەفرەکەوە لەدیوی ئێرانیشەوە بەهیچ شێوەیەک هاتووچۆ ناکرێت".
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەفر و باران تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە بەشێوەی جیا بەردەوام دەبێت.