کۆمیسیۆنی فریاگوزاریی چەمچەماڵ: هەفتەی داهاتوو قەرەبووی ئۆتۆمبێل و شوێنە بارزگانییەکان دابەش دەکرێ

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی کۆمیسیۆنی فریاگوزاریی چەمچەماڵ رایدەگەیێنێت، بەهۆی دابەشکردنی مووچە، قەرەبووی ئۆتۆمبێل و شوێنە بازرگانییەکان کە لە لافاوەکەدا زیانیان بەرکەوتبوو، دەخرێتە سەرەتای هەفتەی داهاتوو. سەرۆکی بۆردی چاودێریی زیانلێکەوتووانیش دەڵێ، 487 سکاڵا لەسەر بڕی قەرەبووی زیانی خانووەکان تۆمار کراون.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 28-12-2025، کۆمیسیۆنی فریاگوزاری و بووژانەوەی چەمچەماڵ لەگەڵ بۆردی چاودێریی هاوکاریی زیانلێکەوتووانی قەزاکە کۆبووەوە. عەتا محەممەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''ئەمڕۆ پێداچوونەوە بەو سکاڵایانە کرا کە هەفتەی رابردوو لەکاتی دابەشکردنی هاوکاریی خێزانە زیانلێکەوتووەکاندا تۆمارکرابوون.''
 
بەگوتەی عەتا محەممەد هەر ئەمڕۆ بڕیار لەسەر دیاریکردنی وادەیەکیش دەدرێ بۆ دابەشکردنی قەرەبووی ئەو کەسانەی کە لە لافاوەکەی چەمچەماڵدا زیان بەر ئۆتۆمبێل یان شوێنە بازرگانییەکانیان کەوتبوو.
 
سەرۆکی کۆمیسیۆنی فریاگوزاری و بووژانەوەی چەمچەماڵ لەبارەی وادەی دابەشکردنی قەرەبووەکە ئەوەشی خستەڕوو: ''پێدەچێ هەفتەی داهاتوو بێت، بەڵام رۆژەکە لە کۆتاییدا دیاری دەکەین. ئەویش بەهۆی ئەوەی کە ئومێدمان هەیە سبەی مووچە دابەش بکرێ و بانکی چەرموو پێی راگەیاندووین، ناتوانن لە یەک کاتدا مووچە و قەرەبووی زیانلێکەوتووان دابەش بکەن، بۆیە ئینشائەڵڵا دەیخەینە سەرەتای هەفتەی داهاتوو.''
 
بەگوتەی عەتا محەممەد، وێڕای پێداچوونەوە بە سکاڵای زیانلێکەوتووان و دیاریکردنی وادەی قەرەبووی زیانی ئۆتۆمبێل و شوێنە بارزگانییەکان، تیمە تەکنیکییەکانیشیان لە پاککردنەوەی زیاتری ناوچەکە و کردنەوەی رێڕۆکانی ئاو بەردەوامن.
 
هۆکاری سەرەکیی دروستبوونی لافاو لە چەمچەماڵ رێڕۆکانی ئاو بوون کە بەهۆی گۆڕین یان پڕبوونەوەیان بە خۆڵ و خاشاک، بەگوێرەی پێویست باراناویان نەگواستەوە نێو ئاوەڕۆ سندووقییەکانی ناوچەکە. سەرۆکی کۆمیسیۆنەکە گوتی، ''لە کۆی 30 کیلۆمەتر کە بۆ دروستکردنی رێڕۆی ئاو تەرخانکراوە و باراناو لە بانی مەقان و دەوروبەرییەوە دێنێتە شۆڕش و چەمچەماڵ، تاوەکو ئێستا 10 کیلۆمەتری تەواو کراوە.''
 
رێڕۆکەی ئاو بە قووڵیی چوار مەتر و بە پانیی شەش مەتر دروست دەکرێ. عەتا محەممەد ئاماژەی بەوە کرد، ''لە 12 کاژێری رابردوودا زیاتر لە 70 ملیمەتر باران باریوە، بەڵام بە خۆشییەوە لافاو یان پەنگخواردنەوەی ئاو بە شێوەیەک نییە کە زیانی هەبێ. ئەوەش دەرخەری باشیی ئەنجامی کارەکانی کۆمیسیۆنەکەمانە''.
 
''سەردانی ئەو شوێنە بازرگانییانە دەکرێتەوە کە زیاتر لە 50 ملیۆن دینار زیانیان هەبووە''
 
عەلی جاف، نوێنەری تۆڕی میدیایی رووداو لە بۆردی چاودێریی هاوکارییەکان، وردەکاریی زیاتری سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ ئاشکرا کرد و رایگەیاند: ''لەسەر ئەوە رێککەوتووین کە سێشەممەی هەفتەی داهاتوو (6ـی کانوونی دووەم) قەرەبووی ئۆتۆمبێل و شوێنە بازرگانییەکان دابەش بکرێ.''
 
عەلی جاف ئاماژەی بەوەش کرد، دوای تەواوبوونی دابەشکردنی قەرەبووی زیانی ئۆتۆمبێل و شوێنە بازرگانییەکان، بۆردی چاودێری و کۆمیسیۆنی فریاگوزاری جارێکی دیکە کۆدەبنەوە، ''بۆ بڕیاردان لەسەر هاوکاریی دووکانەکان و یەکلاییکردنەوەی ئەنجامی سکاڵاکانیان.''
 
نوێنەری تۆڕی میدیایی رووداو لە بۆردی چاودێریی هاوکارییەکان ئەوەشی خستەڕوو، لە دانیشتنی ئەمڕۆدا بڕیار دراوە کە لیژنەیەک سەردانی ئەو کۆگە و دووکانانە بکاتەوە کە زیانەکانیان بە زیاتر لە 50 ملیۆن دینار خەمڵێندراوە، ''بۆ ئەوەی دووبارە خەمڵاندنی وردی زیانەکانیان بکرێتەوە. 
 
دواتر کۆمیسیۆنی فریاگوزاری و بۆردی چاودێریی هاوکاریی زیانلێکەوتووانی چەمچەماڵ، بۆ قەرەبووی ئەو شوێنە بازرگانییانە، چاوەڕوانی راپۆرتی لیژنەکە دەمێننەوە. وەک عەلی جاف دەڵێت: لیژنەکە لە سبەی دووشەممەوە دەستبەکار دەبێ و ئامانج لێی دڵنیابوونەوەی هەموو ئەندامانی بۆردە لەو بڕە پارانەی بۆ زیانەکان خەمڵێندراون.''
 
''487 سکاڵا لەسەر بڕی قەرەبووەکان تۆمار کراون''
 
ژمارەیەک لە زیانلێکەوتووانی لافاوەکە رەخنەیان لە قەرەبووی زیانی خانووەکانیان گرتووە کە رۆژەکانی دووشەممە و سێشەممەی رابردوو دابەش کران و سکاڵایان تۆمار کرد.
 
ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی بۆردی چاودێری و هاوکاریی زیانلێکەوتووانی چەمچەماڵ لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا رایگەیاند، لەکاتی دابەشکردنی قەرەبووی تایبەت بە زیانی خانووەکان، 487 سکاڵا تۆمار کراون کە بەدواداچوونیان بۆ دەکرێ.
 
بەگوتەی ئەحمەد ئەنوەر، لە دانیشتنی ئەمڕۆی کۆمیسیۆنی فریاگوزاری و بۆردی چاودێریی هاوکاریی زیانلێکەوتووانی چەمچەماڵ، ''نۆ تیم پێکهێنران کە هەر تیمێک ئەندامێکی بۆردی چاودێری لەگەڵ یەک یان دوو کارمەندی هونەری کە پێشتر زیانی خانووەکانیان تۆمار کردبوو تێیدا ئەندامن و سەردانی ئەو ماڵانە دەکەنەوە کە سکاڵایان تۆمار کردبوو.
 
ئەو نۆ تیمە بەدواداچوون بۆ ئەو زیانانە دەکەن کە پێشتر تۆمار نەکراون، یان سکاڵا لەسەر بڕی قەرەبووەکانیان تۆمار کراوە. سەرۆکی بۆردی چاودێری و هاوکاریی زیانلێکەوتووانی چەمچەماڵ ئەوەشی خستەڕوو، تیمەکان لە بەیانییەوە (دووشەممە) دەستبەکار دەبن و تاوەکو سەرەتای هەفتەی داهاتوو پێداچوونەوەکان تەواو دەکەن؛ ''رژدین لەسەر ئەوەی بە زووترین کات پڕۆسەکە تەواو بکەین، بەڵام پێداچوونەوە بەو ژمارە زۆرە لە سکاڵاکان کاتی پێویستە و تیمەکان دەبێ ماڵ بە ماڵ سەردانیان بکەنەوە.''
 
هاوکات لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا، وریا عەبدولخالق، گوتەبێژی بۆردی چاودێری و هاوکاریی زیانلێکەوتووانی چەمچەماڵ گوتی، دوو هەفتەیە چەندین تیمی ئەندازیاری و ئامێر، بە بەردەوامی کار دەکەن بۆ ئەوەی رێگری لە دروستبوونەوەی لافاو بکەن.
 
وریا عەبدولخالق ئاماژەی بەوەش کرد، رێڕۆکانی ئاو بە باشی پاککراونەتەوە و ''سەرەڕای ئەوەی لە 12 کاژێری رابردوودا زیاتر لە 70 ملیمەتر باران لە سنووری قەزاکە باریوە، هیچ زیانێک بەر ماڵەکان نەکەوتووە و ئاستەنگ دروست نەبووەتەوە.''
 
گوتەبێژی بۆردی چاودێری و هاوکاریی زیانلێکەوتووانی چەمچەماڵ ئەوەشی خستەڕوو، دوای تەواوبوونی پشووی سەری ساڵ، هاوشێوەی قەرەبووی خانووە زیانلێکەوتووەکان، چەکی قەرەبوو دەدرێتە ئەو کەسانەی ئۆتۆمبێل و شوێنە بازرگانییەکانیان زیانی بەرکەوتووە و دەتوانن لە بانک وەریبگرن.
 
رۆژی 07-12-2025، شەپۆلێکی بارانبارینی بەهێز باشووری کوردستانی گرتەوە و سێ رۆژ بەردەوام بوو، بەهۆیەوە لە چەند ناوچەیەک لافاو دروستبوو و پێنج کەس گیانیان لەدەستدا. لە سنووری چەمچەماڵ زیاتر لە 1000 ماڵ و 12 قوتابخانە زیانیان پێگەیشت.