رێگەوبانی سلێمانی: رێگەی نزیکەی 20 گوندی سنووری چەمچەماڵ چاککراونەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبانی سلێمانی دەڵێت، تیمەکانیان بۆ وەرزی بەفربارین و لافاو لە ئامادەییدان، بەڵام کێشەی کۆنیی ئامێرەکان و دواکەوتنی بودجەیان هەیە و زۆرجار کارەکانیان "بە قەرز" دەکەن.
ئاماژە بەوەش دەکات، لافاوەکەی سەرەتای ئەم مانگە زیانی بە رێگەی زیاتر لە 30 گوندی چەمچەماڵ گەیاندووە. محەممەد جەلیل میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو، رایگەیاند، تیمەکانیان لە چەمچەماڵ، پێنجوێن، سلێمانی و گەرمیان لە ئامادەییدان بۆ هەر دۆخێکی نەخوازراو.
محەممەد جەلیل، نیگەرانیی خۆی لە کەمیی بودجە و ئامێرەکان دەربڕی و گوتی: "زۆربەی ئامێرەکانمان کۆن بوون و ژمارەشیان کەمە، جگە لەوەی کێشەی کەمیی شۆفێریشمان هەیە، چونکە زۆر لە کارمەندەکانمان خانەنشین بوون."
"بودجەی زستان لە هاویندا دێت"
سەبارەت بە دابینکردنی بودجە بۆ راماڵینی بەفر و رووبەڕووبوونەوەی لافاو، محەممەد جەلیل ئاشکرای کرد: "ئێمە ساڵانە لە مانگی 9 و 10ـەوە داوای بودجە دەکەین، بەڵام بەداخەوە زۆرجار بودجەکە لە مانگی 6 و 7ـی ساڵی داهاتوو تەرخان دەکرێت. بۆیە ناچارین کارەکانمان بە قەرز بکەین تاوەکو بودجەکەمان بۆ خەرج دەکرێت."
مەترسییەکان لە کوێن؟
بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبانی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، تیمەکانیان لە ناوچە شاخاوییەکان و ئەو شوێنانەی ئەگەری بەفربارینیان لێیە جێگیر کراون. گوتیشی: "لە کاتی بەفرباریندا جگە لە راماڵین، خوێش بەکاردەهێنین بۆ ئەوەی رێگەکان نەیبەستن."
محەممەد جەلیل، هۆشداری دایە شۆفێران لە کاتی بەفرباریندا لە ناوچە شاخاوییەکانی وەک 'ملەکەوە' و 'ملەی نەڵمە' لە سنووری پێنجوێن، هەروەها ناوچەکانی مێرگەپان و ئەزمڕ، زیاتر وریای سەلامەتیی خۆیان بن و تاوەکو ناچار نەبن رێگەکان بەکارنەهێنن.
زیانەکانی لافاو لە چەمچەماڵ
سەبارەت بەو زیانانەی لەم مانگەدا بەهۆی لافاوەوە بەر رێگەوبانەکان کەوتوون، محەممەد جەلیل گوتی: "لە سنووری چەمچەماڵ رێگەی زیاتر لە 30 گوند زیانیان بەرکەوتووە. هەندێک لە پردەکان و لاتەنیشتی شەقامەکان بەهۆی لافاوەکەوە زیانیان بەرکەوتووە، بەڵام تیمەکانمان توانیویانە بەشێکی زۆریان چاک بکەنەوە و رێگەی نزیکەی 20 گوند چاککراوە و بەشێکی کەمی گوندەکان ماون ئەگەر ئەم شەپۆلە بارانە دووبارە زیان بە رێگەوبانەکان نەگەیێنێت."