لە سوێد یادی ئەکادیمی و نووسەر حوسێن کوردنەژاد کرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە پایتەختی سوێد یادی حوسێن کوردنەژاد، نووسەر و ئەکادیمیی کوردی خەڵکی ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ی کانوونی یەکەمی 2025، لە شاری ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد، بە بەشداریی دەیان کەس لە رەوەندی کوردی لەو وڵاتە، پرسە و کۆڕیادێک بۆ حوسێن کوردنەژاد، نووسەر، توێژەر و ئەکادیمیی کورد بەڕێوەچوو.
لە رێورەسمەکەدا ژمارەیەک نووسەر، رۆشنبیر، کەسایەتی ئەکادیمی و سیاسی، دۆست و کەسوکاری حوسێن کوردنەژاد بەشدار بوون.
حوسێن کوردنەژاد، نووسەر و ئەکادیمیی کورد، شەوی هەینی 12ی کانوونی یەکەمی 2025 لە شاری هەولێر بەهۆی وەستانی دڵەوە گیانی لەدەستدا و رۆژی 16ی کانوونی یەکەم لە رێوڕەسمێکدا لە پیرمام بەخاک سپێردرا.
حوسێن کوردنەژاد ساڵی 1954 لە شاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە. ساڵی 1974 بۆ خوێندن چووەتە بەریتانیا و لەوێ تێکەڵ بە کار و چالاکی سیاسیی کورد لە تاراوگە بووە. ساڵی 1979 بووەتە ئەندامی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و ساڵی 1984 دەستی لە ئەندامێتی ئەو حیزبە کشاندووەتەوە.
حوسێن کوردنەژاد لە ساڵی 2011ـەوە تاوەکو ئەو کاتەی کۆچی دوایی کرد وەکو توێژەر لە ئەنیستیتیوتی توێژینەوەی گەشەپێدانی کوردستان لە هەولێر کاری دەکرد.