ڤیدیۆ.. بەشێکی چیای هەیبەت سوڵتان داڕووخا و هاتووچۆ وەستا
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بەردەوامیی بارانبارینەوە، بەشێک لە چیای هەیبەت سوڵتان لە سنووری قەزای کۆیە لە پارێزگای هەولێر داڕما. قایمقامی قەزاکە دەڵێت: "رێگەمان داخستووە با خەڵک رێگەکە بەکارنەهێنن"
تاریق حەیدەری، قایمقامی قەزای کۆیە، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەهۆی داڕووخانی بەشێکی چیاکەوە بۆ سەر شەقامەکە، هاتووچۆ بە تەواوی وەستاوە".
ئەو رێگەیەی هەیبەت سوڵتان، وەکو رێگەی سەرەکی نێوان قەزای کۆیە و ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و شاری سلێمانی بەکاردەهێندرێت. قایمقام دەڵێ: "تیمەکان چوونەتە شوێنەکە و پاکی دەکەنەوە".
تاریق حەیدەری گوتی: "داواکارین کەس نەچێتە ئەو رێگەیە و رێگەی جێگرەوە بەکاربهێنن، چونکە بەردەکان کەوتوون زۆر گەورەن و بە تەواوی رێگەیان داخستووە".