لە هەرێمی کوردستان گوندەکان بەرەو چۆڵبوون دەچن
رووداو - سۆران
تا دێت گوندەکانی باشووری کوردستان بەرەو چۆڵبوون دەچن و گوندنشینان گلەیی نەبوونی بازاڕ بۆ بەرهەمەکانیان و کەمیی هەلی کار و خراپیی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان دەکەن.
گوندی شیوەڕەشی شارۆچکەی حاجی ئۆمەران دوورەدەستترین گوندی سنووری پارێزگای هەولێرە کە تەنیا 10 کیلۆمەتر لە پیرانشاری رۆژهەڵاتی کوردستانەوە دوورە. ژمارەی ماڵەکانی گوند هەشت مانگ لەمەوبەر 65 ماڵ بوون و ئێستا تەنیا 19 خێزانی لێماوە، ئەوانی دیکە بەرەو هەولێر کۆچیان کردووە.
سلێمان بابۆڵی، موختاری گوندی شیوەڕەش دەڵێت: "وەختێک بەرهەمەکانیان نەفرۆشرێت، خزمەتگوزارییان بە بەراورد بە شارەکان عەرد و ئاسمان بێت، ناچار کۆچ دەکەن و دەچن لە شار کار دەکەن. بەو سارد و سەرمایە لێرە چی بکەن؟"
گوندنشینان سەرچاوەیەکی باشی ئابوورین. کشتوکاڵ و ئاژەڵداری دوو لە بنەما بەهێزەکانی ئاسایشی خۆراکن و لە گوندەکان بەرهەمی نایابتر و بە تێچووی کەم فەراهەم دەبێت.
رەسووڵ مەحموو، گوندنشینە و دەڵێت: "حکومەتی هەرێمی کوردستان، پارتی و یەکێتی، دامەزراندنی بێبەرنامەیان دەست پێکرد و، خەڵکیان کردە مووچەخۆر و گوندەکانیان خراپ کرد. کەسی تەمەن 70 ساڵیان خانەنشین کرد، ئەو مووچەیە نەبووایە، 100 مەڕی بە خێو دەکرد و چوار مانگای دەبوو."
پلانێکی تۆکمە بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمەکانیان، رەخساندنی هەلی کار و گرنگیدانی زیاتر بە پرۆژە خزمەتگوزارییەکان داواکاریی گوندنشینانە.
عەبدولوەهاب مەحموود، بەڕێوەبەری شارۆچکەی حاجی ئۆمەران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رێگاوبان و بێبازاڕی و چەندین کاری دیکە دروستن و گوندنشینان لێیان بێبەشن، بەڵام بۆ ئەمساڵ بەرنامەی تۆکمە هەیە کە کەرتی پیشەسازی بەگەڕ بخرێت و ئاوڕی جددی لە ناوچە دوورەدەست و گوندەکان بدرێتەوە."
ئامارێکی فەرمی نییە کە ساڵی 2020 چەند خێزانی گوندنشین بوونەتە شارنشین، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو نائارامیی ناوچە سنووریەکان 519 گوندی باشووری کوردستانی لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا چۆڵکردووە.