لە بێ خزمەتگوزاریدا دانیشتووانی سەروچاوە کۆچ دەکەن؛ "دوو ئیدارەیی کاریگەریی هەیە"
رووداو دیجیتاڵ
یەکێک لە پرۆژە تەواونەکراوەکانی شارۆچکەی سەروچاوە، رێگەی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکانە کە ساڵی 2014 بڕیاردرا 3.5 کیلۆمەتری رێگەکە بە نزیکەی 700 ملیۆن دینار دروست بکرێت.
دیاری عەزیز، دووکاندارێکە لە سەروچاوە و دەڵێت: وەک پێویست هیچمان بۆ نەکراوە، تەنها شەقامێک و بەنداوەکەیە ئەوانیش هیچ سوودێکیان بۆ ئێمە نییە.
نزیکەی 9000 خێزان لە شارۆچکەکە دەژین، نەبوونی دەرفەتی کار و تەواونەکردنی پرۆژەکان هاونیشتمانیانی ناچارکردووە کۆچ بکەن بۆ شارەکانی دیکە.
شێرزاد عەلی، هاونیشتمانییەکی سەروچاوەیە و دەڵێت: ماڵم لە شوێنێکی گەشتیارییە، لە هەموو شوێنێک کە ماڵت لە ناوچەی گەشتیاری نزیکبوو نرخەکەی جیاوازە، ئەو پارەیەی لە خانووەکەم داوە ئێستا نیوەی ناکاتەوە، بۆیە ناچارم ئێرە جێبێڵم.
بەڕێوەبەری ناحیەی بێتواتە دەڵێت، "ناکۆکی سیاسی و شوێنەواری دوو ئیدارەیی" کاریگەرییان لەسەر تەواونەکردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی سنوورەکە بووە. لەم ساڵدا تەنیا 922 ملیۆن دینار لە بودجەی پەرەپێدان بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکانی شارۆچکەکە تەرخانکراوە.
ئیبراهیم مەحموود، بەڕێوەبەری ناحیەی بێتواتە بە رووداوی گوت: "بەداخەوە تائێستا دوو ئیدارەیی بەحکومەتەکەمانەوە دیارە، ئەگەر حکومەت، حکومەتی هاووڵاتی بێت کە بڕیار دەردەچێت لە زاخۆ تاوەکو گەرمیان لە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و جێگرەکەی و وەزیرەکان دەبێت رێز لە بڕیارەکە بگیرێت و ئیشی پێبکرێت."
جگە لە پرۆژەی قیرتاوکردنی گەڕەکەکان، پرۆژەی ئاوی ماڵان، نۆژەنکردنەوەی هۆڵی بۆنەکان، یاریگە و خاوێنکردنەوەی بەنداوی سەروچاوە لەو پرۆژانەن کە بە نیوەچڵی جێهێڵدراون.
یەکێکی دیکە لە پرۆژە تەواونەکراوەکانی شارۆچکەی سەروچاوە دوو سایدکردنی رێگەیەکە کە ئیدارەی راپەڕین و سۆران بەیەکەوە دەبەستێتەوە، رێگەکە تەنیا چوار کیلۆمەترە و بۆ تەواوکردنیشی پێویستی بە شەش ملیار دینارە.