گوتەبێژی کۆمیتەی ئاوارەکانی سەرێکانی: هێزەکانی تورکیا لە شارەکە کشاونەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کۆمیتەی ئاوارەکانی سەرێکانی پشتڕاستی دەکاتەوە ئاڵای تورکیا لە سەرجەم دامەزراوە حکومییەکانی سەرێکانی داگیراون و دەشڵێت، هێزەکانیان کشاندووەتەوە و ئێستا ئاسایشی گشتیی سووریا لە ناوچەکەدان.
رۆژی چوارشەممە، 28-01-2026، محەممەد جەمیل، گوتەبێژی کۆمیتەی ئاوارەکانی سەرێکانی لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 22:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە نالین حەسەن پێشکێشی کرد رایگەیاند، لەنێو سەرێکانییەوە زانیارییان پێگەیشتووە تورکیا دەروازە سنوورییەکانی سەرێکانی و گرێ سپی لە ناوچەکە رادەستی حکومەتی کاتیی سووریا کردووە.
بەگوتەی محەممەد جەمیل، لە سەرجەم دامەزراوە حکومییەکانی سەرێکانی ئاڵای تورکیا داگیراون و هێزەکانیان کشاندووەتەوە، ''تەنیا دوو خاڵی سەربازییان ماوە و ئەوانیش یەکێکیان لە گوندی داودییە و ئەوەی دیکەش لە گوندێکی رۆژهەڵاتی سەرێکانییە.''
گوتەبێژی کۆمیتەی ئاوارەکانی سەرێکانی گوتی، تەنیا لەو دوو خاڵە سەربازییە هێز و ئاڵای تورکیا دەبینرێت، ''بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکان ژمارەی ئەو هێزانەش وەک پێشوو زۆر نییە.''
دوای کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە سەرێکانی، وەک محەممەد جەمیل دەڵێت، ئاسایشی گشتیی حکومەتی سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر هاتوونەتە ناوچەکە، بەڵام ژمارەیان کەمە.
پێشتر خوێندنی تورکی لە قوتابخانەکانی سەرێکانی هەبوو. گوتەبێژی کۆمیتەی ئاوارەکانی سەرێکانی ئەوەشی خستەڕوو، زانیاری هەیە لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی تورکیا، مامۆستایانی زمانی تورکیش رۆیشتوون و خوێندن بە زمانی تورکی راگیراوە.
دوای داگیرکردنی سەرێکانی، زۆربەی کورد ئاوارە بوون و عەرەب چوونە سەر ماڵەکانیان. محەممەد جەمیل باس لەوە دەکات، ''لەو کاتەوە کە رەققە و دێرەزوور کەوتووەنەتە دەستی حکومەتی کاتیی سووریا، عەرەبی ئەو دوو شارە سەرێکانی جێدەهێلن و دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان. لە دوێنێوە 23 خێزان چوونەتەوە دێرەزوور.''
بەگوێرەی زانیارییەکانی گوتەبێژی کۆمیتەی ئاوارەکانی سەرێکانی، ئاسایشی گشتی بەو عەرەبانەی راگەیاندووە کە ماڵی کوردیان لە سەرێکانی داگیر کردووە کە ''بە زووترین کات'' ماڵاکەنیان چۆڵ بکەن.
وەک محەممەد جەمیل دەڵێت، ئێستا گرووپە چەکدارەکانی حەمزات، عەمشات و سلێمان شا کە سەر بە سوپای عەرەبیی سووریان، دەسەڵاتی سەرێکانییان بە دەستەوەیە.
تشرینی یەکەمی 2019 تورکیا و گرووپە چەکدارە نزیکەکانی، هێرشیانکردە سەر سنووری گرێ سپی و سەرێکانی و داگیریان کردن. بەو هۆیەوە بەشی زۆری هاونیشتمانییان ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشت. دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، ئەو گروپە چەکدارانە تێکەڵ بە سوپای عەرەبیی سووریا بوون.