بەرپرسی ئەنەکەسە لە کۆبانی: هیچ پێداویستییەکی سەرەکی لە بازاڕی شارەکەدا نەماوە

رووداو دیجیتاڵ
 
بەرپرسی خۆجێیی ئەنەکەسە لە کۆبانی داوای کردنەوەی رێڕۆی مرۆیی بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان دەکات و دەشڵێت: ''هیچ شتێکی سەرەکی لە بازاڕدا نەماوە و پێویستە چارەسەرێک بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی کۆبانی نەگاتە کارەساتێکی خراپتر.''
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 29-01-2026، عەدنان بۆزان، بەرپرسی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنەکەسە لە کۆبانی، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 13:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە هەوار جەلالەدین پێشکیشیکرد، لەبارەی دۆخی کۆبانی رایگەیاند، دوو رۆژە دۆخی شارەکە بەراورد بە رۆژانی رابردوو ئارامترە و کەمتر دەنگی تۆپبارانی سوپای عەرەبیی سووریا دەبیسترێ.
 
بەگوتەی عەدنان بۆزان، بەهۆی گەمارۆی سوپای عەرەبیی سووریاوە، دۆخی کۆبانی و ئاوارەکان بەرەو خراپتربوون دەڕوات و گرفتی نەبوونی ئاو، کارەبا و کەلوپەلی پێویست قووڵتر بووەتەوە.
 
ئەو بەرپرسەی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنەکەسە سەبارەت بەو ئاوارانەی لە ئەنجامی هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا بۆسەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر روویان لە کۆبانی کردووە، گوتی: ''لە تەبقە و رەققەوە ئاوارەکان هاتوونەتە نێو شارەکە، هەروەها لە گوندەواری دەوروبەری کۆبانیشەوە بەرەو شارەکە هاتوون. ژمارەیەکی ورد بەردەست نییە، بەڵام دەیان هەزار کەس دەبن''
 
ئاوارەکان ناچارن لەنێو قوتابخانە، مزگەوت و دووکانەکان بمێننەوە. تاوەکو ئێستا رێگە بە کاروانێکی هاوکارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دراوە بگاتە کۆبانی کە 24 بارهەڵگر بوون. عەدنان بۆزان دەڵێ: "ئەگەر بەراوردی بڕی هاوکارییەکان و ژمارەی ئاوارەکان بکەین، هاوکارییەکان 1٪ـیش لە ئاستی پێویستدا نین.''
 
بەرپرسی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنەکەسە لە کۆبانی سەبارەت بەو پێداویستییانەی ئاوارەکان هەیانە گوتی: ''هەموو شتێک پێویستە، بەڵام هەندێک شتی سەرەکی هەن کە دەبێ بە خێرایی بگەنە خەڵک، لەوانەش سووتەمەنی، گاز، شیری منداڵان، خواردنی خێرا و دەرمان.''
 
سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەست لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و سوپای عەرەبیی سووریا، هەندێک جار هێرش دەکرێتە سەر دەوروبەری کۆبانی. عەدنان بۆزان ئەوەشی خستەڕوو، ''بەهۆی بڕانی ئینتەرنێت و نەبوونی پەیوەندییەوە، زۆر جار رووداوی گەورە لە ناوچە جیاجیاکان روودەدەن کە دوای چەند رۆژ ئاگادارییان دەبین.'' 
 
بەرپرسی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنەکەسە لە کۆبانی گوتی، پێویستە رێڕۆی مرۆیی بۆ شارەکە بکرێتەوە و گوشارێک بخرێتە سەر حکومەتی کاتیی سووریا بۆ ئەوەی رێگە بە گەیشتنی هاوکارییەکان بە کۆبانی بدەن.
 
عەدنان بۆزان ئاماژەی بە دۆخی خراپی ژیان کرد لە کۆبانی و گوتی: ''هیچ شتێکی سەرەکی لە بازاڕ نەماوە. پێویستە چارەسەرێک بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی دۆخی کۆبانی نەگاتە کارەساتێکی خراپتر.''
 
بەهۆی هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریاوە بۆسەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب لە 06ـی ئەم مانگە و دواتر فراوانبوونی هێرشەکان بۆ تەواوی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، هەزاران هاونیشتمانی ئاوارەی ناوچە ئارامەکانی رۆژئاوای کوردستان بوون و پێویستیان بە هاوکاریی خێرایە.