وەزارەتی پەروەردە وێنەی دوو منداڵی نێو گردبوونەوەکانی پاڵپشتی بۆ رۆژئاوای کوردستان دەخاتە سەر بەرگی کتێب
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان دەڵێ، وێنەی دوو منداڵ کە هێمای نیشتمانپەروەری و خۆشەویستیی کوردستانن، دەخرێنە سەر بەرگی کتێبەکانی وانەی کوردی.
رۆژی پێنجشەممە، 29ی کانوونی دووەمی 2026، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "بڕیارماندا وێنەی ئەو دوو منداڵەی کە هێمای ئاستێکی بەرزی نیشتمانپەروەری و خۆشەویستیی کوردستانن، بخەینە سەر بەرگی کتێبەکانی خوێندن و بۆ ساڵی خوێندنی داهاتوو چاپ بکرێن."
دوو وێنەکە، یەکێکیان منداڵێکی تەمەن دوو ساڵە لە سلێمانی کە لە گردبوونەوەیەک تایبەت بە پشتگیری لە رۆژئاوای کوردستان ئاڵایەکی لە خۆی ئاڵاندووە و بە مەمکۆڵەکەی دەمییەوە هاوشانی خۆپێشاندەران بە شەقامێکی سلێمانیدا دەڕوات.
وێنەی دووەمیش منداڵێکی خاوەن پێداویستی تایبەتە لە هەولێر، کە ئاڵایەکی کوردستانی لە خۆی ئاڵاندووە و بە دارشەقەکەیەوە بەشداری لە گردبوونەوەیەکی پاڵپشتی بۆ رۆژئاوای کوردستان کردووە.
بەپێی بڕیارەکەی وەزیری پەروەردە، وێنەی منداڵەکەی هەولێر دەخرێتە سەر بەرگی کتێبی کوردیی پۆلی شەشەمی بنەڕەتی. وێنەی منداڵەکەی سلێمانیش دەخرێتە سەر بەرگی کتێبی کوردیی پۆلی یەکەمی بنەڕەتی.
سەبارەت بە ئامانج لەم ئەم هەنگاوە، وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم بابەتە "مانایەکی قووڵی هەیە لەسەر پەروەردەکردنی نیشتمانیانەی نەوە دوای نەوە."