بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی گەرمیان دەستگیرکرا
رووداو دیجیتاڵ
لە دوێنێوە بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی گەرمیان دەستگیرکراوە. بەرپرسێک لە بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت: "رێکارێکی یاساییە و پەیوەندی بە گەندەڵییەوە نییە".
دوو سەرچاوەی بەرپرس لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی گەرمیان، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداویان گوت: "لەسەر سکاڵایەکی یاسایی لە دوێنێوە شادیە حوسێن، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی گەرمیان دەستگیرکراوە".
کشتوکاڵی گەرمیان لە راگەیێندراوێکدا داوای ئازادکردنی بەڕێوەبەرەکەی کردووە و رایگەیاندووە، بەهۆی ئەوەی لە دۆسیەیەکەدا سەرۆکی لیژنەی قەرەبوو بووە، سکاڵایەک کراوە و سەرجەم ئەندامانی لیژنەکە دەستگیرکراون".
ئەفسەرێکی باڵا لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "شادیە حوسێن بە گوێرەی سکاڵایەکی یاسایی دەستگیرکراوە، دۆسیەکە لەبەردەستی دادوەرە و ئەو بڕیاری لەسەر دەدات".
شادیە حوسێن لە پشکی بزووتنەوەی گۆڕان پۆستی بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی وەرگرتووە، لە شەوی رابردووەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستگیرکردنەکەی کاردانەوەی زۆری چالاکڤانان و هاونیشتمانیانی لێکەوتووەتەوە و داوای ئازادکردنی دەکەن.
شەوی رابردوو کشتوکاڵی گەرمیان رایگەیاند: "زەویی هەندێک جووتیار کەوتووەتە بەر پرۆژەی فروانکردنی دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان، لیژنەی قەرەبووکردنەوەی جووتیاران بەسەرپەرشتی شادیە حوسێن دروستکراوە، کە پێنج بۆ شەش کەس بوون و قەرەبووی جووتیارەکان کراوەتەوە لە ساڵی 2023، ئێستا جووتیارەکان کێشە لە نێوانیاندا دروستبووە لەسەر ئەو قەرەبووەی کە وەریانگرتووە، پاش سکاڵاکردن لەسەر یەکدی و دروستبوونی کێشە لەنێوانیاندا، دادوە لەسەر ئەو بابەتە بریاری راگرتنی هەموو ئەندامانی لیژنەکەی داوە، لەنێویاندا شادیە حوسێن وەکو سەرۆکی لیژنەکە".
یەکێک لە بەرپرسانی کشتوکاڵی گەرمیان دەڵێت: "بابەتەکە پەیوەندی بە گەندەڵییەوە نییە و زیاتر رێکاری کارگێڕی و یاساییە و بە ئەگەری زۆرەوە ئەمڕۆ شادیە حوسێن ئازاد دەکرێت".