دەزگای خێرخوازی بارزانی: لە رۆژئاوای کوردستان 200 هەزار لیتر نەوتمان دابەشکردووە

رووداو دیجیتاڵ

دەزگای خێرخوازی بارزانی رایگەیاند، بەردەوامن لە دابەشکردنی هاوکاری لە رۆژئاوای کوردستان. جگە لە خۆراک، ژەمەخۆراک، جلوبەرگ و پێداویستییەکانی دیکە، نزیکەی 200 هەزار لیتر نەوتیان دابەشکردووە. 
 
رەواج حاجی، ئەندامی دەستەی کارگێڕی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئەمڕۆ 206 بارهەڵگر هاوکاری جیاوازمان گەیاندووەتە هاونیشتمانیانی رۆژئاوای کوردستان".
 
بەگوێرەی ئاماری رێکخراوەکە، تاوەکو ئەمڕۆ هاوکارییان گەیاندووە 6 هەزار و 609 خێزان لە 150 قوتابخانەدا کە ئاوارەکانی تێدا نیشتەجێن.
 
رەواج حاجی گوتی: "دابەشکردنی سووتەمەنی بەردەوامە و تاوەکو ئەمڕۆ 198 هەزار و 657 لیتر نەوت بەسەر 5 هەزار و 969 خێزاندا دابەشکراوە، کە لە 169 قوتابخانە و 9 مزگەوتدا نیشتەجێ کراون".
 
دەزگای خێرخوازی بارزانی، تاوەکو ئەمڕۆ 19 هەزار و 979 ژەمەخۆراکی گەرمیان پێشکێشی ئاوارەکانی رۆژئاوای کوردستان کردووە لە 52 قوتابخانە و 3 مزگەوتدا.
 
دەزگای خێرخوازی بارزانی لەگەڵ دابەشکردنی هاوکارییەکاندا، لە یەک هەفتەی رابردوودا خزمەتگوزاری پێشکێشی 3 هەزار و 160 هاونیشتمانی کردووە.
 
بەهۆی هێرشەکانی سووپای عەرەبیی سووریاوە بۆ گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب لە 06ـی ئەم مانگە و دواتر فراوانبوونی هێرشەکان بۆ تەواوی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، هەزاران هاونیشتمانی ئاوارەی ناوچە ئارامەکانی رۆژئاوای کوردستان بوون.
 
21ـی ئەم مانگە دەزگای خێرخوازی بارزانی 67 بارهەڵگر هاوکاری گەیاندە رۆژئاوای کوردستان و رۆژی دواتر دابەشکردنی دەستپێکرد و تاوەکو ئەمڕۆ بەردەوامە.