لە دەربەندیخان دوو کەس بەهۆی بڕینەوەی داربەڕوو دەستگیردەکرێن


رووداو دیجیتاڵ

دوو کەس بەهۆی داربڕینەوە لە دەربەندیخان دەستگیر کران، بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستانی سلێمانیش دەڵێت، دەستگیرکردنی ئەو دوو کەسە لەکاتی بەدواداچوونەکانی مەفرەزەکانیان بووە لە سنوورەکە.
 
هێمن کەمەرخان، بەڕێوبەری راگەیاندنی پۆلیسی دارستانی سلێمانی رۆژی سێشەممە 29-03-2022 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "مەفرەزەیەكی بەشی پۆلیسی دارستانی دەربەندیخان بە هاوبەشی بنکەی باوەخۆشێن هەستان بە کێوماڵکردنی سنووری گوندەکانی زمناکۆ و مۆردکە، لە ئەنجامدا توانیان لە سنووری گوندی زمناکۆ دوو هاووڵاتیی دەستگیر بکەن."
 
بەگوتەی بەڕێوبەری راگەیاندنی پۆلیسی دارستانی سلێمانی، ئەو دوو کەسە ژمارەیەك دار بەڕووی گەورەیان لەسنوورەکە بڕیبوویەوە.
 
هێمن کەمەرخان، بەڕێوبەری راگەیاندنی پۆلیسی دارستانی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، لەکاتی دەستگرکردنی تاوانبارەکاندا، دەستگیرا بەسەر بڕێک داریش کە بڕیبوویان، دەشڵێت، "پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتباران ڕێکخراوە و رادەستی یاسا کراون."